ئیمارات: لە سەرەتای جەنگەوە تا ئێستا 1600 درۆنی ئێرانیمان تێکشکاندووە
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات، ئامارێکی نوێی سەبارەت بە تواناکانی بەرپەرچدانەوەی ئاسمانیی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئێرانەوە تا ئێستا، توانیویانە بە سەدان درۆن و مووشەکی جۆراوجۆر لە ئاسماندا تێکبشکێنن.
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات ئەمڕۆ شەممە، 14ـی ئاداری 2026، لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، کە سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە مامەڵەیان لەگەڵ هەڕەشە بەردەوامەکاندا کردووە.
بە پێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگری، هێزەکانیان توانیویانە لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئێرانەوە بەرپەرچی ژمارەیەکی پێوانەیی لە هێرشەکانی ئەو وڵاتە بدەنەوە، کە خۆی دەبینێتەوە لە خستنەخوارەوەی "1600 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)، 15 مووشەکی کرووز و 294 مووشەکی بالیستی".
لەوەتەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە، ئێران هەمیشە بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، لە رێگەی درۆن و مووشەکەوە دەکاتە ئامانج.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.