ئاڕتی بانک دڵنیایی دەداتە مووچەخۆرانی سلێمانی

دوای بەدواداچوونێکی کوردستان24 بۆ نەمانی پارە لە یەکێک لە ئامێرەکانی راکێشانی پارە لە سلێمانی، ئاڕتی بانک رایگەیاند؛ ئامێرەکان پڕکراونەتەوە و هۆکاری سەرەکیی لۆدەکە بۆ زیادبوونی ژمارەی بەکارهێنەرانی ئامێرەکانیان لە لایەن بەشداربووانی بانکەکانی دیکە دەگەڕێتەوە.

تیمی ئاڕ تی بانک، بە کوردستان24ـی گوت: تەنیا مووچەخۆرانی بانکەکەیان ئامێرەکانیان بەکار نەهێناوە، بەڵکو بەهۆی بڕیاری لابردنی عمولە بۆ هەموو بەشداربووانی پڕۆژەی هەژماری من، لۆدێکی زۆر لەلایەن بەشداربووانی بانکەکانی دیکە لەسەر ئامێرەکانی ئەوان دروست بووە.

بانکەکە روونی کردەوە؛ هەر ئامێرێکی ATM، تەنانەت ئەگەر بە 50 هەزار دیناری پڕ بکرێتەوە، تەنیا توانای لەخۆگرتنی 150 ملیۆن دیناری هەیە، ئەم بڕە لە کاتی دابەشکردنی مووچەدا بەهۆی خواستی زۆرەوە بە خێرایی تەواو دەبێت.

جەخت دەکاتەوە، تیمەکانی تەکنیکی ئاڕتی بانک بە شێوەی 24 کاتژمێری لە ئامادەباشیدان و لەگەڵ خاڵیبوونی هەر ئامێرێک، بە زووترین کات پڕۆسەی پڕکردنەوەی ئامێرەکان ئەنجام دەدەن. 

تیمەکە دووپاتی دەکاتەوە، هیچ جۆرە گرفتێکی سیستەم یان کەمیی نەختینەیان نییە و ئەوەی روودەدات تەنیا کێشەی "کات"ـە بۆ دووبارە پڕکردنەوەی ئامێرەکان.

ئاڕتی بانک داوا لە هاووڵاتییان دەکات، ئەگەر لە کاتی سەردانیکردنی ئامێرێکدا پارەی تێدا نەمابوو یان پەنا بۆ ئامێرێکی دیکەی بانکەکە ببەن یان دوای چەند کاتژمێرێک دواتر بگەڕێنەوە تاوەکوو تیمەکان پڕۆسەی پڕکردنەوەی ئەنجام دەدەن.