گوتەبێژی حکومەتی عێراق: بەغدا بەردەوام دەبێت لە ناردنی 320 ملیار دینارەکە
"پابەندین بە رێککەوتنە داراییەکەی نێوانمان"
K24 - هەولێر
گوته‌بێژی حكومه‌تی عێراق رایگەیاند، حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندن بە رێککەوتنە داراییەکەی نێوانیان تاوەکو پەسەندکردنی بودجەی 2021.
ئه‌حمه‌د مه‌لا ته‌لال، گوته‌بێژی حكومه‌تی عێراق دوێنێ (سێشەممە، 10-11-2020) له كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا له‌باره‌ی ناردنی 320 ملیار دینار بۆ هه‌رێمی كوردستان، گوتی "ئه‌و رێككه‌وتنه هه‌ر به‌رده‌وامه و كارایه تاوەکو په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی ساڵی 2021 و هیچ گۆڕانكارییه‌ك نه‌كراوه".
پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی رێککەوتن لەسەر ئەوەی؛ بەغدا مانگانە 320 ملیار دینار دەنێرێت بۆ هەرێمی کوردستان، کە نیوەی پێویستیی هەرێمی کوردستان بۆ پێدانی مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی دابین دەکات.
هەر لەگەڵ رێککەوتنەکەی بەغدا و هەولێر لە ناوەڕاستی مانگی ئاب، ئاشکراش کرا ئەو رێککەوتنە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2020 یان تاوەکو ئەوکاتەی پەرلەمانی عێراق بودجەی 2021 پەسەند دەکات، رێککەوتنەکە کارایە، بەڵام لەگەڵ پەسەندکردنی بودجە، هەرێمی کوردستان بەشی خۆی لە بودجەکە وەردەگرێت.
هـ.ر.