ئێران.. گرانبوونی بەنزین، باری سەرشانی هاووڵاتیانی قورستر کردووە

حکوومەتی ئێران بە بێدەنگی بڕیاری گرانکردنی بەنزینی پەسند کردووە؛ هەواڵەکە لە لایەن دوو ئەندامی پەرلەمانی ئەم وڵاتەوە ئاشکرا کراوە و نیگەرانییەکی زۆری لە لایەن هاووڵاتییان لێ کەوتووتەوە.

گرانبوونی بەنزین هەموو کات شەپۆلێکی گرانی و هەڵاوسانی لە هەموو کەرتەکاندا لێ دەکەوێتەوە. جیا لەوەی ڕاستەوخۆش کاریگەریی لەسەر دۆخی ژیانی ئەو هاووڵاتییانە دەبێت کە ئوتۆمبێلیان هەیە و بە تایبەتیش ئەو کەسانەی کاسبییەکەیان بە ئوتۆمبێل دەکرێت

جەماڵ رەحیمی، شۆفێر، بە کوردستان24ـی گوت: نزیکەی 19 ساڵە شۆفێریی دەکەم، بەڵام ئێستا گرانبوونی بەنزین کارەکەمی بێقازانج کردووە. ئێمە ناچارین کرێ گران بکەین؛ خەڵکیش توانای ئەوەیان نییە کرێی زۆر بدەن. واتە هەم خەڵک و هەم ئێمەی شۆفێریش بە گرانبوونی بەنزین زیانمان لێ کەوتووە.

قادر ڕەسووڵزادە، شۆفیر، دەڵێت: گرانییەکە لە ڕادەبەدەرە، بەم جۆرە کاسبیمان پێ ناکرێت، چونکە گرانیی بەنزین لەگەڵ خەرجی ڕۆژانە و تێچووی ئۆتۆمبیلەکانماندا ناگونجێت.

گرانبوونی بەنزین جیا لە گرانبوونی تێچووی هاتوچۆی هاووڵاتییان، تێچووی گواستنەوەی کەلوپەلیش بەرز دەکاتەوە. ئەمەش دەبێتە هۆی گرانبوونی هەموو شتێک لە ناو بازاڕدا. ئەو گرانییە چاوەڕوانکراوەش لە کاتێکدایە کە بە پێی نوێترین راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، لە ساڵی ڕابردوودا هەڵاوسان لە کەرتی خواردەمەنییەکان نزیک 100٪ بووە و گرانی و هەژاری بڕستی لە هاووڵاتییان بڕیوە.

مەنسوور کاکایی، کاسب، بە نیگەرانییەوە دەڵێت: گرانبوونی بەنزین واتا گرانبوونی هەموو شتێک، هەر لە سەوزە و میوەوە بگرە تا دەگاتە پێداویستییەکانی دیکە. چونکە هەموو ئەوانە بە ئۆتۆمبیل دەگوێزرێنەوە و ئێمەش ناچارین نرخی شمەکەکان بەرز بکەینەوە. 

ئەو دوو ئەندام پەرلەمانەی بڕیاری حکوومەت بۆ گرانکرندی بەنزینیان ئاشکرا کرد دەڵێن زۆرینەی پەرلەمان دژی ئەو بڕیارەن و بە پێی یاسایە بودجەش حکوومەت بۆی نییە بەنزین گران بکات. بەڵام بەرپرسانی حکوومەتی ئێران دەڵێن بریارەکەیان کاریگەریی لەسەر خەڵکی هەژار نابێت و تەنیا چینی ساماندار و دەوڵەمەندی کۆمەڵگا دەگرێتەوە. بەڵام ئەم قسانە نیگەرانییەکانی هاووڵاتییان و ترس لە پەرەسەندنی گرانیی نەڕەواندووەتەوە.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment