بەرگریی عێراق کوژرانی ئەفسەرێکی لە کاتی پاراستنی بنکەیەکی دەنگدان ڕاگەیاند
وەزارەتی بەرگریی عێراق کوژرانی یەکێک لە ئەفسەرەکانی لە کاتی پاراستنی بنکەیەکی هەڵبژاردنی پەرلەمان، ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ شەممە، 15ی تشرینی دووەمی 2025، وەزارەتی بەرگریی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا کوژرانی یەکێک لە ئەفسەرە باڵاکانی ڕاگەیاند، کە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکی پاراستنی یەکێک لە بنکەکانی دەنگدان، بریندار ببوو.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی بەرگری، موقەدەم مستەفا نەعیم یارەڵڵا، کە سەر بە فەوجی یەکی لیوای مەغاویری 88ی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی سەڵاحەدین بووە، گیانی لەدەستداوە.
ناوبراو چوار ڕۆژ پێش کوژرانی، لە کاتی "پاراستنی بنکەی هەڵبژاردن و سندوقەکانی دەنگدان" بریندار ببوو و بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە ئەمڕۆ گیانی سپارد.
وەزارەتی بەرگریی عێراق لە ڕاگەیەنراوەکەیدا وردەکاری و چۆنییەتی کوژرانی ئەفسەرە باڵاکەیانی ئاشکەرا نەکردووە.
ڕۆژی سێشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2025، دەنگدانی گشتی و ڕۆژی یەکشەممەش، 09ـی تشرینی دووەمی 2025، دەنگدانی تایبەتی خولی شەشەمی پەرلەمان، لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، ڕێژەی بەشداری لە دەنگدانی تایبەت، 82.42% و لە دەنگدانی گشتیش، نزیکەی 54.35% بوو.
ڕۆژی چوارشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2025، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئەنجامە بەراییەکانی هەردوو دەنگدانی تایبەت و گشتی بڵاوکردەوە. لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، وەک حزب، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە، بەوپێیەی زیاتر لە یەک ملیۆن و 90 هەزار دەنگی بردووەتەوە.
