عێراق بەنیازە فڕۆکەی جەنگیی رافالی فەرەنسی بکڕێت
جومعە عناد لە پاریس تاوتوێی ئەو بابەتەی کردووە
K24 - هەولێر
وەزیری بەرگریی عێراق رایگەیاند عێراق نیازی هەیە فڕۆکەی جەنگیی رافالی فەرەنسی بکڕێت.
جومعە عناد، وەزیری بەرگریی عێراق دوێنێ (سێشەممە، 10-11-2020) لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، هۆکاری سەردانە فەرمییەکەی بۆ پاریس لە رۆژی هەیینی رابردوو و کۆبوونەوە لەگەڵ فلۆرانس پارلی، وەزیری بەرگریی فەرەنسا بۆ ئەوەی بووە؛ "توانای سوپای عێراق زیادبکرێت بە نوێترین چەک و پێداویستی".
وەزیری بەرگری روونی کردەوە، "ویستێک لەلایەن عێراقەوە هەیە بۆ کڕینی فڕۆکەی جۆری رافالی فەرەنسی لە نەوەی چوارەم"، بەبێ ئەوەی وادەکەشی دیاری بکات، گوتی "بڕیاری واژۆکردنی گرێبەست لەبارەی کڕینی فڕۆکەکان، پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت".
فەرەنسا، یەکێکە لە ئەندامە کاراکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق و سووریا، کە لە ساڵی 2014ـەوە هاوپەیمانییەکە پێکهاتووە.
بەپێی داتاکانی حکومەتی عێراق، عێراق خاوەنی: 20 فڕۆکەی جۆری T6ـی سەربازییە کە بۆ چەندین مەبەست بەکاردێت، 36 فڕۆکەی ئێف16 و فڕۆکەی سووخۆی رووسی و فڕۆکەی T50ـی کۆریای باشوور، ئەمانەش سەرەڕای ژمارەیەک هەلیکۆپتەری هێرشبەری سەربازیی رووسی و ئەمەریکی.
هـ.ر.