ئەمەریکا بە مەرج باجی سەر سویسرای کەمکردەوە
سویسرا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەمەریکا بۆ کەمکردنەوەی باج، بەڵێنیدا لە ساڵانی داهاتوودا لە ڕێگەی کۆمپانیا تایبەتەکانەوە بەبڕی 200 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە ئابووری ئەمەریکادا بکات.
گای پارمیلین، وەزیری ئابووری سویسرا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری بێرن ڕایگەیاند، لە سەردانەکەیدا بۆ واشنتن لەگەڵ ئەمەریکا ڕێککەوتنێکیان کردووە بۆ کەمکردنەوەی باج لەسەر هەناردەکردنی سویسرا لە 39% بۆ 15%.
وەزیری ئابووری سویسرا گوتیشی: لە بەرامبەردا سویسرا پابەندە بەوەی بەبڕی 200 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە ئەمەریکادا بکات.
گای پارمیلین جەختی کردەوە، سویسرا لە کاتی دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمەریکادا هیچ سازشێکی دەربارەی سەروەری وڵات نەکردووە، ئاماژەی بەوەشکرد، تەنیا ئەوەیە لە ساڵانی داهاتوودا بەو بڕەی باسکراوە وەبەرهێنان دەکەین.
وەزیری ئابووری سویسرا دەشڵێت: ئەو ڕێککەوتنانەی لەگەڵ ئەمەریکا کراون، پێشکەوتنێکی گەورە بە ئابووری سویسرا دەبەخشێت، چونکە ئەو باجانەی پێشتر لەلایەن ئەمەریکاوە بەسەر هەناردەکردنی سویسرادا سەپێندرابوو، 39% بوو، زیانێکی زۆری بە ئابووریمان گەیاندبوو، ئەمەش کاریگەریی لەسەر نزیکەی 40%ـی هەناردەی سویسرا هەبووە.
باسی لەوەشکرد، کەمکردنەوەی باجی گومرگ، کاریگەریی لەسەر سەقامگیرکردنی ئابووری هەیە، بۆیە پێویستە ئەو ڕاگەیاندنەی کراوە دەبێت لە چەند مانگی داهاتوودا بگۆڕدرێت بۆ ڕێککەوتنێکی یاسایی.
لای خۆیەوە کۆشکی سپی لە ڕاگەیەندراوێکدا دەربارەی ڕێککەوتنەکە ئاماژەی دا، کۆمپانیاکانی سویسرا و لیشنشتاین بەبڕی 200 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە ئەمەریکا دەکەن.
لە سەرەتای مانگی ئابی ڕابردوودا، ئەمەریکا باجی 39%ی بەسەر هاوردەکردنی کەل و پەلی سویسرادا سەپاند، ئەمەش بەرزترین ڕێژە بووە لە نێوان هەموو وڵاتانی ئەورووپا.
