بن گڤير: هاندانی کۆچکردن تاکە چارەسەرە لە غەززە
ئیتمار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل، ڕایگەیاند، تاکە ڕێگەچارەسەری ڕاستەقینە لە کەرتی غەززە، هاندانی "کۆچی خۆویستانە"ی دانیشتووانەکەیەتی.
لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، بن گڤیر نووسیویەتی: "تاکە چارەسەری ڕاستەقینە لە غەززە هاندانی کۆچکردنە، نەک دامەزراندنی دەوڵەتێک کە پاداشتی تیرۆر بداتەوە، تەنیا دەبێتە بناغەیەک بۆ بەردەوامبوونی." هەروەها بن گڤیر، داوای لە سەرۆک وەزیران کرد، بە ڕوونی ڕایبگەیەنێت ئیسرائیل ڕێگە بە دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستینی نادات.
لەلایەکی دیکەوە، بڕیارە ڕۆژی دووشەممە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگ لەسەر پێشنیازەبڕیارێک بدات، لەلایەن ئەمەریکاوە داڕێژراوە و پشتگیری لە پلانی ئاشتیی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ دەکات بۆ غەززە.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و چەندان وڵاتی عەرەبی و ئیسلامی، لەوانە قەتەر، میسر، سعوودیە، ئیمارات، ئوردن و تورکیا، ڕۆژی هەینی داوایان لە ئەنجوومەنی ئاسایش کرد "بەپەلە" ڕەشنووسی بڕیارنامەکە پەسەند بکات. لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، ئەو وڵاتانە "پشتیوانیی هاوبەش"ی خۆیان بۆ پڕۆژەکە دەربڕی و ڕایانگەیاند، پلانەکە "ڕێگەیەکی کردەیی بۆ ئاشتی و سەقامگیری دەڕەخسێنێت، نەک تەنیا لەنێوان ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان، بەڵکو بۆ هەموو ناوچەکە."
وردەکارییەکانی ڕەشنووسی بڕیارنامەکە بریتییەلە ؛ پڕۆژەکە پێشوازی لە دامەزراندنی دەستەیەکی حوکمڕانیی ڕاگوزەر دەکات بۆ غەززە بە ناوی "ئەنجوومەنی ئاشتی"، بە شێوەیەکی تیۆری لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و ئەرکەکەی تا کۆتایی ساڵی 2027 بەردەوام دەبێت. هەروەها بڕیارنامەکە ڕێگە بە پێکهێنانی "هێزێکی سەقامگیریی نێودەوڵەتیی کاتی" دەدات، بە هاوکاریی لەگەڵ ئیسرائیل، میسر و پۆلیسی ڕاهێنراوی فەڵەستینی کاردەکات بۆ دابینکردنی ئاسایشی ناوچە سنوورییەکان و چەکداماڵینی کەرتی غەززە. هەروەها بە پێچەوانەی ڕەشنووسەکانی پێشوو، ئەم وەشانەی بڕیارنامەکە ئاماژە بە ئەگەری دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەڵەستینی لە داهاتوودا دەکات.
لە بەرامبەردا، ڕووسیا ڕەشنووسێکی ڕکابەری بڵاوکردووەتەوە کە پشتگیری لە دامەزراندنی "ئەنجوومەنی ئاشتی" و ناردنی دەستبەجێی هێزی نێودەوڵەتی ناکات.
