بەرپرسێکی باڵای سەردەمی ئەسەد دەستگیر کرا
وەزارەتی ناوخۆی سووریا، دەستگیرکردنی عەمید هەمزە محەممەد یاسینی ڕاگەیاند، کە ئەفسەرێکی باڵای هێزی ئاسمانی بووە و تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی تاوانی شەڕ لە چەندان پارێزگا لە سەردەمی دەسەڵاتی پێشووی سووریا.
بەگوێرەی بەیاننامەیەکی وەزارەتەکە، یەکەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگای حەما، بە هاوکاری لەگەڵ یەکەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی وردیان ئەنجامداوە و بووەتە هۆی دەستگیرکردنی عەمید یاسین. ناوبراو بەگوێرەی فەرمانی دەستگیرکردن کە لەلایەن داواکاری گشتییەوە دەرچووبوو، داواکراو بوو بە تۆمەتی "ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و پێشێلکاری گەورە بەرامبەر هاووڵاتییانی سڤیل."
عەمید ملھەم شەنتوت، بەرپرسی ئاسایشی ناوخۆی پارێزگای حەما، ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریانخستووە ئەلیاسین "تێوەگلاوە لە ئەنجامدانی ھێرشی ئاسمانی شار و شارۆچکەکان و هاووڵاتییانی مەدەنی لە خۆپیشاندانەکانی دژی ئەسەد کردۆتە ئامانج." هەروەها تۆمەتبارە بە بەشداریکردن لەو ھێرشە ئاسمانیانەی کراونەتە سەر گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی ئیدلب و دەوروبەری حەما، کە بوونەتە هۆی کۆمەڵکوژی دژی خەڵکی مەدەنی بێتاوان.
شەنتوت جەختی کردەوە، تۆمەتبارەکە ڕەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان و ئامادەکردنی بۆ دادگاییکردن. دووپاتیشیکردەوە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەردەوام دەبن لە "بەدواداچوونی ئەو کەسانەی لە ڕژێمی پێشوودا دەستیان لە ئەنجامدانی تاوانی شەڕدا هەبووە دژی گەلی سووریا، یان ئەوانەی هەوڵی تێکدانی سەقامگیریی کۆمەڵگا و ئاسایشی دەوڵەت دەدەن."
