بەریتانیا هاوکاریی دارایی هەفتانەی پەنابەران هەڵدەوەشێنێتەوە
حکوومەتی بەریتانیا ڕایگەیاند، گەورەترین چاکسازی لە سیاسەتی پەنابەران دەکات، بیرۆکەکەشی لە دانیمارک وەرگرتووە کە یەکێکە لە توندترین وڵاتانی ئەورووپا بۆ پەنابەران.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2025، حکوومەتی بەریتانیا کار بۆ توندکردنی سیاسەتەکانی کۆچبەری دەکات، بەتایبەتی دەربارەی ئەو کۆچبەرانەی بە نایاسایی و بە بەلەمی بچووک لە فەرەنساوە دەپەڕنەوە بەریتانیا.
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە، "لە چوارچێوەی گۆڕانکاریی یاسایی پەنابەری، پابەندبوونی یاسایی بۆ پاڵپشتیکردنی بەشێک لە پەنابەران، کە دەرماڵەی نیشتەجێبوون و هەفتانە دەگرێتەوە، هەڵدەوەشێتەوە."
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشداوە،"ئەم ڕێکارانە بۆ ئەو پەنابەرانە جێبەجێدەکرێن کە توانای کارکردنیان هەیە بەڵام کارناکەن، هەروەها بۆ ئەوانەشە کە یاسا پێشێل دەکەن."
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ڕوونیشی کردەوە، "ئەولەویەت لە وەرگرتنی پشتگیریی حکوومەت، دەدرێت بەو کەسانەی کە بەشداری لە ئابووری و کۆمەڵگای بەریتانی دەکەن."
بڕیارە سبەی دووشەممە، 17ـی تشرینی دووەمی 2025، شابانا مەحموود، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا وردەکاری زیاتر دەربارەی ئەم ڕێکارانە بخاتەڕوو، کە وەزارەتی ناوخۆ ئامانجیەتی سەرنجی کۆچبەرانی نایاسایی کەمتر لەسەر بەریتانیا بێت و دیپۆرتکردنەوەیان ئاسانتر بێت.
بەپێی دوایین داتاکانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، زیاتر لە 111 هەزار کەس لە نێوان مانگی حوزەیرانی 2024 تا حوزەیرانی 2025 داوای مافی پەنابەرییان لە بەریتانیا کردووە، ئەمەش بەرزترین ژمارەیە لە ساڵی 2001ەوە تائێستا تۆمار کرابێت.
