سەرۆکی حکوومەت بەردی بناغەی پڕۆژەی وێستگەی پاککردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆی هەولێر دادەنێت
ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی پڕۆژەی وێستگەی پاککردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆی هەولێر دادەنێت.
لەبارەی پرۆژەکە ئاری ئەحمەد قادر، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24 ڕاگەیاند: ئەم پڕۆژەیە نەک تەنیا لە ڕووی قەبارەوە گەورەیە، بەڵکو گرنگییەکی ژینگەیی و تەندروستی بێئەندازەی هەیە بۆ شاری هەولێر و دانیشتوانەکەی.
ئاماژەی بەوەشدا، ئامانجی پرۆژەکە دابینکردنی ئاوی ئاودێرییە، کە پڕۆژەکە دەبێتە سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ دابینکردنی ئاوی پێویست بۆ ئاودێریکردنی پشتێنەی سەوزایی هەولێر، پارکە گشتییەکان وەک پارکی سامی عەبدولڕەحمان، کە لە ئێستادا بە ناچاری پشت بە ئاوی ژێر زەوی دەبەستن، ئەمەش کەمکردنەوەی فشار لەسەر سەرچاوەکانی ئاوی ژێر زەوی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
پێکهاتە سەرەکییەکانی پڕۆژەکە بریتییە لە:
1. دروستکردنی تۆڕی ئاوەڕۆ کە بریتییە لە دانانی 21.9 کیلۆمەتر بۆڕی ئاوەڕۆ، 5.3 کیلۆمەتری بە تەکنیکی (Pipe Jacking) ئەنجامدەدرێت، ئەم تەکنیکە واتا بەبێ هەڵکۆڵینی شەقام و کۆڵانەکان، ئەمەش زیانی کەمتر بە ژێرخانی شار دەگەیەنێت و کاریگەری لەسەر هاتووچۆ کەم دەکاتەوە.
2. وێستگەیەکی مۆدێرنی چارەسەرکردنی ئاوەڕۆ: پرۆسەی چارەسەرکردنی ئاوەڕۆ بە شێوازێکی پێشکەوتوو ئەنجامدەدرێت، کە سکرینکردن، هەواگۆڕکێ، پاڵاوتن و چەندین قۆناغی دیکە دەگرێتەوە. دوای چارەسەرکردن، ئاوەڕۆکە دەتوانرێت جارێکی دیکە بۆ مەبەستە جیاوازەکان بەکاربهێنرێتەوە.
3. کارپێکردن و چاککردنەوە: پڕۆژەکە قۆناغێکی دوو ساڵەی کارپێکردن و چاککردنەوەی بۆ دڵنیابوون لە کارکردنی کارا و بەردەوامی وێستگەکە لەخۆدەگرێت.
بە تەواوبوونی ئەم وێستگەیە، هەولێر هەنگاوێکی گەورە بەرەو بنیاتنانی شارێکی پاکتر، تەندروستتر و بەردەوامتر دەنێت بۆ نەوەکانی ئێستا و داهاتوو.
