ئەورووپا بڕیارنامەیەکی نوێ دژی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران ئامادە دەکات

ئەورووپا بڕیارنامەیەکی دیکەی دژ بە ئێرانی بۆ کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ئامادە کردووە.

یەکشەممە، 16ـی تشرینی دووەم، پێگەی هەواڵی 'دیپلۆماسیی ئێران' بڵاوی کردەوە "سێ وڵاتە ئەورووپاییەکە 'فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا' ڕەشنووسی بڕیارنامەیەکیان ئامادە کردووە بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیدا دژی ئێران پێشکەشی بکەن."

 بڕیارنامەکە، لەسەر بنەمای دوا ڕاپۆرتی ڕافائێل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسەکە ڕێکخراوە و داوای سنووردارکردنی بەرفراوانتر، ڕاپۆرتی ڕێکخراو و دەستڕاگەیشتنی خێراتر بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەکات.

سێ وڵاتی ئەورووپاییەکە، ڕەشنووسی بڕیارنامەیەکی نوێیان ئامادە کردووە بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی؛ کە لە 19 تا 21ی ئەم مانگە لە ڤیەننا بەڕێوە دەچێت، پێشکەشی بکەن. 

ڕەشنووسەکە، لەسەر بنەمای نیگەرانییە بانگەشەبۆکراوەکان سەبارەت بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران و ڕاپۆرتەکەی ڕافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانس، ئامادە کراوە. 

لە دەقی ڕەشنووسەکەدا، جەخت لەسەر پێویستیی دەستڕاگەیشتنی دەستبەجێی ئاژانس بە زانیاریی تەواو سەبارەت بە یەدەگی ماددە ئەتۆمییەکانی ئێران کراوەتەوە و تاران ئەرکدار کراوە کە بەگوێرەی بڕیارە سەپێنراوەکانی ئەیلوولی 2025، هەموو چالاکییەکانی پەیوەست بە پیتاندن، توێژینەوە و گەشەپێدان و پڕۆژەکانی پەیوەست بە ئاوی قورس ڕابگرێت. 

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی ئاشکرا کراون، ڕەشنووسەکە بانگەشەی ئەوە دەکات زیاتر لە پێنج مانگە، شوێن و بڕی یەدەکی یۆرانیۆمی پیتێنراو بە ئاستی بەرز لەنێوخۆی ئێراندا نادیارە و دەبێت وەک سەرچاوەی "نیگەرانیی جددی" سەیر بکرێن. 

هەروا داوا لە ئێران کراوە کە بەبێ دواکەوتن پابەندی ئەرکە یاساییەکانی خۆی بێت بەپێی بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش و دەستڕاگەیشتنی پێویست بۆ ئاژانس دابین بکات. 

لە بڕیارنامەکەدا جەخت کراوەتەوە کە تاران دەبێت بەتەواوی و بەبێ مەرج پابەندی ڕێککەوتنی پارێزگاری و بڕگە هەموارکراوەکانی بێت، تاوەکوو ئاژانس بتوانێت زانیارییەکانی پەیوەست بە یەدەگی ماددە ئەتۆمییەکان و دامەزراوەکانی ژێر چاودێری وەربگرێت و پشتڕاستی بکاتەوە.

ئەم بڕیارنامەیە، ئێران ناچار دەکات، سەرجەم زانیارییەکانی پەیوەست بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی، وەک ژمارەی سەنتەرفیوجەکان و ژمارە و شوێنی تاقیگەکانی بە شێوەی داتای باوەڕپێکراو، لە کاتی دیاریکراودا بداتە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم.

 
 
Fly Erbil Advertisment