یسرائیل کاتز: دەوڵەتی فەڵەستینی بوونی نییە

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، جارێکی دیکە گرژییەکانی ناوچەکە بە تایبەتی لە گەڵ فەڵەستین زیاتر کرد و ڕایگەیاند، سیاسەتی ئیسرائیل ڕوونە، دەوڵەتی فەڵەستین نابێت و بوونی نییە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 16ی تشرینی دووەمی 2025، بە گوێرەی ڕاپۆرتی میدیا ناوخۆییەکانی ئیسرائیل، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ڕایگەیاند، سیاسەتی ئیسرائیل ڕوون و ئاشکرایە، دەوڵەتی فەڵەستین بوونی نییە، هەروەها  هێزەکانی ئیسرائیل لە سەر لوتکەی چیای "شەیخ" دەمێننەوە، کە دەڕوانێتە سەر دیمەشق و بەقاع لە لوبنان و بەرزاییەکانی جۆلان.

کاتز، جەختی کردەوە، "هەموو تونێلەکانی کەرتی غەززە هەڵدەوەشێنرێنەوە، تا دواهەمین تونێل، هەروەها حەماس لەناوچەکانی ناو هێڵی سەوز دەبێت چەکەکانیان دابنێن و بیدەن بە سوپای ئیسرائیل، لە ناوچەکانی غەززەی کۆنیش، دەبێت حەماس چەکەکانیان ڕادەستی ئیسرائیل یان هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بکەن."

بێزالێل سمۆتریچ وەزیری دارایی و ئیتمار بن گڤیر، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ڕەخنەیان لە هەر هەنگاوێکی نێودەوڵەتی بۆ دانپێدانانی دەوڵەتێکی فەڵەستین گرت. 

هاوکات هێرشیان کردە سەر بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بە بێدەنگی و بێ دەسەڵاتی سیاسی تۆمەتباریان کرد.

 لە کاتێکدا ئیدارەی ئەمەریکا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی چەکدارانی حەماس کە لە تونێلەکانی ڕەفەح لە باشووری کەرتی غەززە گیریان خواردووە، بە مەبەستی گواستنەوە بۆ قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی غەززە، تەلئەڤیڤ ڕەتیدەکاتەوە ڕێگە بدات چەکدارە گەمارۆدراوەکان بەبێ خۆبەدەستەوەدان و ڕادەستکردنی چەکەکانیان لەو ناوچانە بڕۆنە دەرەوە.

 ئەمە یەکەمجار نییە، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، هەڕەشەکانی خۆی دووپات بکاتەوە کە هێزەکانی ئیسرائیل لەسەر چیای "شەیخ" یان لە چوارچێوەی ئەو خاکانەدا دەمێننەوە کە لە باشووری لوبنان داگیریان کردووە، لە ڕابردووداشدا کاتز چەندان جار ئەمەی دووپات کردووەتەوە.

لە مانگی کانوونی دووەمی 2025ەوە، هێزەکانی ئیسرائیل لەناو ناوچەی پارێزراو و لەسەر چیای "شەیخ" بەدرێژایی سنووری سوریا چالاکی دەکەن و چەندان پێگە و بنکەی سەربازی و هەروەها بنکەی چاودێری هەواڵگرییان دامەزراندووە.

 
 
Fly Erbil Advertisment