کورتهێنانی بودجەی عێراق 13 ترلیۆنی تێپەڕاند

وەزارەتی دارایی عێراق ڕاپۆرتی خەرجی و داهاتەکانی هەشت مانگی ئەمساڵی بڵاوکردەوە، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە قەبارەی کورتهێنان 13 ترلیۆن دیناری تێپەڕاندووە.

لە ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی داراییدا هاتووە کۆی خەرجییەکانی عێراق لە ماوەی هەشت مانگی ئەمساڵدا گەیشتووەتە 87 ترلیۆن و 478 ملیار دیناری عێراقی، لەکاتێکدا کە داهاتی ئەو هەشت مانگە 73 ترلیۆن و 821 ملیار دینار بووە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە داهاتی نانەوتی عێراق لە هەشت مانگدا تەنیا هەشت ترلیۆن و 555 ملیار دینار بووە، واتە داهاتی نانەوتی تەنیا 10 لەسەدی کۆی داهاتەکانی عێراقی پێکهێناوە.

وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە؛ خەرجی وەبەرهێنان لەناو کۆی خەرجییەکاندا تەنیا 13 ترلیۆن و 828 ملیار دینار بووە، بەڵام زیاتر لە 70 ترلیۆن دیناری بۆ مووچەی فەرمانبەر و خانەنشینان و تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی بووە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە؛ لەماوەی ئەو هەشت مانگەدا تەنیا پێنج ترلیۆن و 467 ملیار دینار بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان نێردراوە.

 
Fly Erbil Advertisment