دواین زانیاری لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمشەوی پەرلەمان

داوایەک لە حکومەتی هەرێم دەکرێت

K24- هەولێر:

شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، کوتلە شیعی و سوونییەکان نووسراوێکیان داوەتە فراکسیۆنە کوردستانییەکان کە تێیدا داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەن، داهاتی نەوت ئاراستەی کۆمپانیای سۆمۆ بکرێت و بڕی هەناردەکەش، سۆمۆ دیاری بکات. هەروەها دەبێت هەرێم، تەواوی داهاتە نانەوتییەکان بداتە بەغدا.

لەبەرامبەر ئەمەش، بەگوێرەی نووسراوەکە، بەغدا شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکات. لای خۆیانەوە فراکسیۆنە کوردستانییەکان، بە داواکانی ئەم نووسراوە ناڕازین چونکە پێچەوانەی رێککەوتنی حکومەتی هەرێم و بەغدا و داوای گۆڕانکاریی دەکەن تێیدا، بەجۆرێک زیان بەر هەرێمی کوردستان نەکەوێت.

پەیامنێری کوردستان24 ئاشکرایکرد، پەرلەمانتارانی شیعە و سوونە رێککەوتوون تاوەکو بە زۆرینە، پرۆژە یاسای وەرگرتنی قەرز پەسەند بکرێت کە لە چەند برگەیەکی زیادکراودا، دژایەتیی هەرێمی کوردستان دەکرێت و داواکارییەکان زۆر زیادکراون. بەم پێیەش، نوێنەرانی کورد لە بەغدا نیازیان هەیە، بایکۆتی دانیشتنەکەی ئەمشەوی پەرلەمان بکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، چەند لایەنێکی نێو شیعەکان دەیانەوێت پەیوەندی نێوان مستەفا کازمی و کورد تێکبدەن و ئۆباڵی پەسەند نەکردنی پرۆژە یاساکە کە دەبێتە هۆی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچە بخەنە سەر نوێنەرانی کورد لە بەغدا.