وێستگەی داهاتووی زینەدین زیدان ئاشكرا بوو
زیزۆ لە ئێستاوە دەستی بە جێبەجێكردنی پلانەكانی كردووە
لە كۆتایی دا چارەنووسی زینەدین زیدان یاریزان و ئەفسانەی پێشووی هەڵبژاردەی فەڕەنسا ئاشكرا بوو، بڕیاریداوە دوای مۆندیالی 2026 لە شوێنی دیشام ببێتە راهێنەری هەڵبژاردەی وڵاتەکەی.
نزیکەی مانگێک لەمەوبەر زینەدین زیدان ئەفسانەی پێشووی هەڵبژاردەی فەڕەنسا، لە دیمانەیەکدا ئاشکرای کرد بەمزووانە دەست بە کاری راهێنەرایەتی دەکاتەوە، بۆیە لەو کاتەوە رۆژنامەنوسان و راگەیاندکارەکان بەردەوام بە دوای ئاشکرا کردنی پۆستی داهاتووی دەگەڕێن.
لە کۆتاییدا رۆژنامەی وەرزشی ئاسی ئیسپانی سەرەداوێکی دەستکەوت و ئاشکرای دەکات، زیزۆ دەیەوێت دوای مۆندیالی 2026، ئەرکی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەکەی بگرێتە ئەستۆ و ماوەیەکیشە چاودێری وردی یاریزانە فەڕەنسیەکان لە خولە جیاوازەکانی جیهان دەکات.
سەرچاوەکە بڵاویشی کردەوە دیدیێ دێشامب راهێنەری ئێستا هەڵبژاردەی فەڕەنسا، دوای مۆندیالی 2026 گرێبەستەکەی کۆتایی دێت و واز لە پۆستەکەی دەهێنێت، بۆیە بە ئەگەرێکی زۆرەوە زیدان لە شوێنی ئەو پۆستی راهێنەرایەتی کەلەشێرەکان وەردەگرێت.
رۆژنامەی ئاس بڵاویشی کردووەتەوە زیدان ماوەیەکە زۆر بە وردی چاودێری خولی نێوخۆی وڵاتەکەی و هەموو ئەو خولانە دەکات کە یاریزانی فەڕەنسی تێدا هەن، وەکو ئامادەکارییەک بۆ ئەوەی لە کاتی وەرگرتنی پۆستە نوێیەکەی، یەکسەر دەست بە پلانەکانی بکات.
زیدان دوای وازهێنانی لە یاریکردن بۆ جاری یەکەم لە ساڵی 2012 وەکو راهێنەری تیپی خوار 17 ساڵانی یانەی ریاڵ مەدرید دەستی بە کاری راهێنەرایەتی کرد، پاشان لە ساڵی 2013 وەکو یاریدەدەری کارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەری ئەو کاتی یانەی ریاڵ مەدرید دەستبەکاربوو.
زیزۆ لە ساڵی 2016 بۆ جاری یەکەم وەکو راهێنەری ریاڵ مەدرید دیاریکرا و بۆ ماوەی دوو ساڵ راهێنەرایەتی یانە شاهانەکەی کرد، پاشان وازی لە پۆستەکەی هێنا و دوای نزیکەی ساڵێک جارێکی دیکە پۆستی راهێنەرایەتی یانەی ریاڵ مەدریدی وەرگرتەوە و بە گشتی لەگەڵ ئەو یانەیە، توانی 9 ناسناو بباتەوە کە سێ ناسناوی لەسەریەکی چامپیۆنزلیگ بوو.
