کۆمیسیۆن: سبەی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن ڕادەگەیەندرێت
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند: سبەی دووشەممە 17ـی تشرینی دووەمی 2025، ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕادەگەیەندرێت.
ڕۆژی سێشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2025، دەنگدانی گشتی و ڕۆژی یەکشەممەش، 09ـی تشرینی دووەمی 2025، دەنگدانی تایبەتی خولی شەشەمی پەرلەمان، لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، ڕێژەی بەشداری لە دەنگدانی تایبەت، 82.42% و لە دەنگدانی گشتیش، نزیکەی 54.35% بوو.
ڕۆژی چوارشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2025، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئەنجامە بەراییەکانی هەردوو دەنگدانی تایبەت و گشتی بڵاوکردەوە. لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، وەک حزب، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە، بەوپێیەی زیاتر لە یەک ملیۆن و 90 هەزار دەنگی بردووەتەوە.
بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان، لەدەنگدانی تایبەت و گشتی 101 سکاڵا تۆمارکراون بەجۆرێک 44 سکاڵایان لەدەنگدانی تایبەت و 57 سکاڵای دیکەش لە دەنگدانی گشتی بووە.
