شوێنەوارێکی پارێزگای کرماشان تەمەنی 1400 ساڵە
زەیجی مەنیژە، شوێنەوارێکی مێژوویی پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، هەرچەندە تەمەنی زیاتر لە 1400 ساڵە و سەرما و گەرمای زۆری چێشتووە، بەڵام بە پتەوی و بە سەلامەتی لەسەر پێیەکانی خۆی وەستاوە، شوێنەوارناسان هێشتا یەکلایان نەکردووەتەوە لە سەردەمی خۆیدا کاروانسەرا بووە یاخود قەڵای سەربازی.
هاوکات شوێنەوارەکە پێک دێت لە بینایەکی بەردین کە ڕووبەرەکەی 3500 مەتر دووجایە و دەکەوێتە نزیک گوندی پاتاقی سەر بە شاری سەرپێڵی زەهاو لە پارێزگای کرماشان. ئەم بینا بەردینە لە یەک نهۆم پێکهاتووە کە لەسەر زەوییەکی لاکێشەیی دروست کراوە، درێژییەکەی 70 مەتر و پانییەکەی 50 مەترە، هەروەها شوێنەواری چوار تاوەر لە گۆشەکانیدا بەجێماوە، کە دووانیان وەک دوو بورجی سەرەکی و دووانەکەی دیکەش کە بچووکترن وەک دوو بورجی لاوەکی خۆیان دەردەخەن.
محەممەد ڕەزا قەیتاسی، بەڕێوەبەری گوندی پاتاق، بە کوردستان 24ی گوت: لە 20 ساڵی ڕابردوو دا چەندین جار ئەم شوێنەوارە خراوەتە ژێر لێکۆڵینەوە، هەروەها کاری نۆژەنکردنەوەی بۆ ئەنجامدراوە و چەند بەشێکی نوێی بۆ زیادکراوە.
ڕامین نازری، دانیشتووی گوندی پاتاق ئاماژەی داوە، بە ڕای لێکۆڵەرانی شوێنەواری، زەیجی مەنیژە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ساسانییەکانە و ئەمەش بەمانای ئەوە دێت نزیکەی 1400 ساڵ لەمەو بەر بنیاتنراوە.گوتیشی، زەیجی مەنیژە تەنیا شوێنەوارە کە سەرەڕای سەرما و جەنگ و لافاو لە ناو 100 پارێزگادا تا ئێستا ماوەتەوە.
هەروەها عەلی کەریمی، دانیشتوویەکی دیکەی گوندی پاتاق لە بارەی شوێنەوارەکەوە باسی لەوە کرد، ڕای شوێنەوارناسان لەبارەی زەیجی مەنیژە جیاوازە، هەندێکیان دەڵێن کاروانسەرا بووە و هەندێکیشیان پێیان وایە شوێنی حەوانەوەی شاهانە بووە.
زەیجی مەنیژە لە سەردەمی خۆیدا قەڵایەک بووە کە لە ناویدا چەندین ژووری جیاوازی لەخۆگرتووە، لە ڕووی ڕۆژئاوای بیناکە دەروازەی شوێنەوارەکە هەیە و لە لای ڕۆژهەڵاتیشی هێشتا شوێنەواری کەناڵێکی ئاو دەردەکەوێت کە پێ دەچێت ئاوی ئەم شوێنەی لێ دابین کراوە.
جگە لە مانەش لە نزیک ئەم شوێنەوارەوە لە ناو دڵی شاخی پاتاقدا گۆردەخمەیەک هەیە کە خەڵکی ناوچەکە پێی دەڵێن کەل داوود و مێژووی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی مادەکان. بەڵام شێوازی تەلارسازییەکەی بە تایبەت دەرگا و قەوسەکان و چۆنیەتی دروستکردنی میچی زەیجی مەنیژە لەسەر شێوازی تەلارسازیی کۆتایی سەردەمی ساسانییە.
ئەم شوێنەوارە لە ساڵی 2005دا لە لایەن ڕێکخراوی میراتی کولتووریی ئێرانەوە، لە ڕیزی شوێنەوارە نیشتمانییەکانی ئەم وڵاتەدا تۆمار کراوە.
