بەر لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ بن سەلمان، ئیسرائیل فشار لە ترەمپ دەکات
بەر لە سەردانی محەممەد بن سەلمان، جێنشینی سعوودییە بۆ واشنتن، چەند سەرچاوەیەک ئاشکرایان کردووە، ئیسرائیل فشاری لە ئیدارەی ئەمەریکا کردووە، لەو چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ بن سەلمان، پرسەکە ببەستنەوە بە بە فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی ئێف 35 بە ڕیاز، بەرانبەر ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل.
ماڵپەڕی ئەکسیۆس ئەمڕۆ یەکشەممە 16ـی تشرینی دووەمی 2025 بڵاوی کردووەتەوە، ئیسرائیل داوای لە سەرۆکی ئەمەریکا کردووە، فشار لە جێنشینی سعوودییە بکەن پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە بەرانبەر فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی ئێف 35 بە وڵاتەکەی.
ماڵپەڕەکە لە زاری دوو بەرپرسی ئیسرائیلییەوە گواستوویەتییەوە، ئیسرائیل هیچ لاریبوونێکی نییە لەوەی ئەمەریکا فڕۆکەی ئێف 35 بە سعوودیە بفرۆشیت، بەو مەرجەی فرۆشتنی ئەو فڕۆکانە ببنە هۆی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیلدا.
یەک لە بەرپرسانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە، بە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکایان گوتووە، پێویستە فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف 35 بە سعوودیە ببەستتنەوە بە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەم وڵاتە لەگەڵ ئیسرائیل.
