تێپەڕینی پێنج ساڵ بەسەر بۆردوومانەکەی زارگەلی، ئازارەکانی لەبیر مام خدر نەبردووەتەوە

به‌هۆی شه‌ڕی نێوان په‌كه‌كه‌ و توركیا، هاووڵاتییان زیانێكی زۆریان پێگه‌یشتووه‌


K24 - گوندی زارگەلی

نزیکەی پێنج ساڵ بەسەر شەهیدبوونی هاوسەر، نەوە و دوو ئامۆزای مام خدردا تێدەپەڕێت، کە بوونە قوربانیی هێرشێکی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، لەبەرئەوەی بارەگایەکی پەکەکە لە گوندەکەیاندا هەبوو، هەتاوەکو ئێستاش مام خدر بە ئازاری ئەو رۆژەوە دەناڵێنێت.

ماڵەکەی مام خدر لە گوندی زارگەلیی سەربە شارەدێی وەرتێی قەزای رواندز بوو، لە سەرەتای مانگی ھەشتی 2015ـدا، کەو تەژێر بۆردوومانی چڕی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا و، خۆی بەسەختی برینداربوو، بەجۆرێک تائێستاش کەوتووەتە نێو جێگا.

وێرای بڕستلێبڕینی ئازاری برینەکەی، مام خدر ئێستا تەنانەت توانای قسەکردنیشی وەک پێویست نییە، شەھیدبوونی ھاوسەر و نەوەیەک دوو ئامۆزای، بووەتە کەسەرێک کە بەردەوام لەگەڵ یادکردنەوەی ئەو یادەوەرییە تاڵەدا، فرمێسک دەڕێژێت. جێھێشتن و دووربوونی لە گوندەکەشی بووەتە سەر‌باری خەمان.

سەرەڕای لەدەستدانی بەشێکی خانەوادەکەی و برینداربوونی ئەوانەی دیکە، مام خدر ماڵ و خانوو و رەز و باخیشی لەنێوچوون.

بوونی بارەگایەکی پەکەکە لەنێو گوندی زارگەلی، ھۆکاری بۆردوومانەکەی فڕۆکەکانی تورکیا بوو، بەڵام باجی بوونی بارەگای ئەوان، مام خدر و خەڵکی دیکەی ئاواییەکەیان دایان.

لە دوای رووداوەکەوە، ماڵی مام خدر گوندەکەیان چۆڵکردووە و لە رانیە دەژین.

بوونی بنکە و بارەگاکانی پەکەکە تەواو ئارامی و ئاسایشی لە گوندەکانی بناری قەندیل و بەشێکی زۆری سنووری ئیداری قەزای رواندز بڕیوە، تەنانەت بوونی ئەوان کاریگەری لەسەر گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانیش داناوە.

بەھۆی بوونی بارەگاکانی پەکەکە و بۆردوومانی فڕۆکەکانی تورکیا، دوو گوندی ئەو سنوورە چۆڵبوون و مەترسی لەسەر چەندین گوندی دیکەی ناوچەکە هەیە، کۆچی گوندنیشنانیش بۆ شار لەو دەڤەرە بەردەوامە.

 

هـ.ر.