باران ئاستی ئاوی لە عێراق بەرز کردووەتەوە
دوای شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ، ئاستی ئاو لە عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەوە.
دەستەی کەشناسی عێراق ڕایگەیاند، لە ماوەی دوو ڕۆژدا 359 ملیمەتر باران باریوە، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی ئاستی ئاو.
لە لایەکی دیکەوە خالید شیمال، گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق، گوتی: "لەیەکەم ڕۆژی بارانەکەدا، بڕی 250 مەتر سێجا ئاومان دەست کەوتووە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، ڕێژەی باران لە هەندێک لە پارێزگاکان لە ئاستێکی باشدا بووە، بەتایبەتی لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باکووری عێراق.
وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ، کار لەسەر جێبەجێکردنی پلانێکی کشتوکاڵی دەکەن. ئەم پلانە پشت بە ئاستی ئاوی بەنداوەکان، سەرچاوە سەرەکییەکانی وەک باران و کانییەکان، هەروەها گۆڕانکارییەکانی بازاڕی جیهانی بۆ جۆرەکانی بەروبووم دەبەستێت.
لە بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممەوە، 15ـی تشرینی دووەمی 2025، شەپۆلێکی باران شار و شارۆچکەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و پێشبینی دەکرێت، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 17ـی تشرینی دووەمی 2025، کۆتایی بە شەپۆلەکە بێت.
