لەوانەیە ئێران لە پەیماننامەی ئەتۆمی بکشێتەوە

کازم غەریبئابادی، یاریدەدەری نێودەوڵەتیی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت: لە ئەگەری دەرکردنی بڕیارنامەیەکی نوێ دژ بە وڵاتەکەمان، ئیران پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدا دەکات.

دووشەممە، 17ـی تشرینی دووەمی 2025، پێگەی 'ئەفکار نیووز' لە هەواڵێکدا بڵاوی کردووەتەوە "سێ دەوڵەتە ئەورووپاییەکە بە نیازن لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، بڕیارنامەیەکی نوێ دژی ئێران پێشکەش بکەن. کازم غەریبئابادی، یاریدەدەری نێودەوڵەتیی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند، لەگەری دەرچوونی ئەو بڕیارنامەیەد، ئێران پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئاژانس دەکات."

حەسەن هانیزادە، شرۆڤەکاری سیاسەتی دەرەوە، لەمبارەیەوە بە 'ئەفکار نیووز"ی گوت: ئەمەریکا و سێ وڵاتە ئەورووپاییەکە، لە ئەنجوومەنی پاێزگاران و ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دژایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوامە و دەیانەوێت دۆسییەی ئێران بگەڕێتەوە ژێر بەندی هەشتەمی ڕاگەیەنراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.

هانیزادە، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: سەرباری ئەوەی لە ئەنجوومەنی ئاسایشدا ناڕەزایی بەرانبەر ئەم داخوازییە هەیە، بە تایبەت لە لایەن چین و ڕووسیاوە کە مافی 'ڤیتۆ'یان هەیە، بەڵام هێز و توانای ئەمەریکا و هاوپەیمانە ئەورووپاییەکانی 'فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا' لەوانەیە وا بکات بڕیارنامەیەکی نوێ دژی ئێران بدرێت. لە بەرانبەردا، ئێرانیش کارتی بەهێزی هەیە، یەک لەوانە، کشانەوەیەتی لە "پەیماننامەی بەرەنگاربوونەوەی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی-NPT".

ئەم شرۆڤەکارە گوتیشی: بە دڵنیاییەوە ڕافائیل گرۆسی، لەم بابەتەدا ڕۆڵی هەیە؛ ئەو بەردەوام ڕاپۆرتی دژبەیەک پێشکەش دەکات، چونکە چاوی لەوەیە پۆستی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان وەربگرێت و هەوڵی ڕاکێشانی سەرنجی ئەمەریکا و ئەورووپا دەدات. 

هانیزادە، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: ئێستا بابەتی پێکدادانی سەربازی لە پەراوێزدایە، چونکە ئێران توانای سەربازیی پێویستی هەیە و جەنگ لە قازانجی ئەمەریکا و ئیسرائیلدا نییە. بەڵام، پێویستە هەمووان لە ناوخۆی وڵاتدا وریابن، چونکە سەرکێشییەکانی دۆناڵد ترامپ و بنیامین ناتانیاهۆ کۆتاییان نایەت.

 
 
Fly Erbil Advertisment