بلومبێرگ: ناڕوونیی هەڵوێستی ئەتۆمیی ئێران ئەگەری سەرهەڵدانەوەی جەنگ بەهێزتر دەکات

بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ، پێش بۆمبارانکردنی. وێنە: ئاڕ تی، عەرەبی
بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ، پێش بۆمبارانکردنی. وێنە: ئاڕ تی، عەرەبی

ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ، لەزاری دیپلۆماتانی ڕۆژئاواییەوە ڕایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران هێشتا ئامادە نییە هاوکاریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بکات.

بلومبێرگ، لە ڕاپۆرتەکەیدا نووسیویەتی "بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، وەک جێگە و چۆنییەتی هەڵگرتنی 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی بە ڕێژەی %60 پیتێنراو، ناڕوونە. وا دیارە ئێران داخوازییە نێودەوڵەتییەکان بۆ هاوکاریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و دەستپێکردنەوەی دانوستانی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمەریکای بەلاوە گرنگ نییە." 

بە گوتەی سێ بەرپرسی ئەورووپایی کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت، وڵاتانی ڕۆژئاوایی بە نیازن ڕێنمایی نوێ بۆ پشکێنەرانی ئاژانس دابنێن تاکوو بتوانن چارەنووسی ئەو یۆرانیۆمە پیتێنراوەی ئێران، بزانن.

دیپلۆماتێکی باڵای ڕۆژئاوایی بە بلومبێرگی گوتووە: ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ئامادەیە بە زووترین کات دەست بە پشکنینی دامەزراوە ئەتۆمییە سەرەکییەکانی ئێران "فۆردۆ، ئەسفەهان و نەتەنز" کە لەلایەن ئەمەریکاوە بۆمباران کراون، بکاتەوە. بەڵام تاران بانگەشەی ئەوە دەکات ئەو بنکانە، پاش بۆمبارانەکە چیتر سەلامەت نین.

ئەو دیپلۆماتە گوتیشی: ئێران، هیوادارە بە دروستکردنی جۆرێک لە ناڕوونی زانیاریی، ڕێگریی لە هێرشی داهاتوو بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی بکات؛ بەڵام هەر ئەم ناڕوونییە لەوانەیە ببێتە هۆی هێرشی دووبارە بۆ سەر ئەو بنکانە.

لە ناوخۆی ئێرانیشدا، هەندێک لە بەرپرسان و شرۆڤەکاران، لایانوایە ستراتیجیی کۆماری ئیسلامیی ئیران پەیڕەوکردنی "ناڕوونی ئەتۆمییە".

هەندێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا، دەیانەوێت فشاری زیاتر بخەنە سەر ئێران، وەک ڕێگریی لە هاوکاریی هونەری زانایانی ئەتۆمیی ئێران لە لایەن ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمەوە. بەڵام وڵاتانی دیکە ترسی ئەوەیان هەیە لەوانەی ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی ئەوەی ئێران لە ڕێککەوتنامەی نیودەوڵەتیی ئەتۆمیی NPT بکشێتەوە.

بلومبێرگ، لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا نووسیویەتی "پێش جەنگی 12 ڕۆژە، ئێران بەشی 12 کڵاوەی ئەتۆمی یۆرانیۆمی بە ئاستی بەرز پیتێنراوی هەبوو، بەڵام پاش هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا، چارەنووسی ئەو یۆرانیۆمە بۆ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، نادیارە و ڕافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانس دەڵێت: ئەم ناڕوونییە زۆر مایەی نیگەرانییە."

وێنە ساتەلایتییەکانیش ئاماژە بە چالاکی نوێ لە دەوروبەری بنکە بۆمبارانکراوەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان دەکەن و پشکنەرانی ئاژانس نازانن ئەم چالاکییانە بۆ پاککردنەوەی بنکەکانە، یان گواستنەوەی ماددە ئەتۆمییەکان؟

دیپلۆماتێکی تر بە بلومبێرگی ڕاگەیاندووە "تەنانەت ئەگەر ئێران ئەمڕۆ بە دەستپێکردنەوەی پشکنینەکان ڕازی ببێت، هێشتا چەندان ساڵی پێدەچێت تا چارەنووسی ماددە ئەتۆمییەکانی ئێران بزانرێت؛ چونکە لەوانەیە بەشێک لەو ماددانە لە کاتی بۆمبارانەکاندا لەناوچووبن و چەندان کیلۆگرام ماددەی ڕادیۆئەکتیڤ لە ناوچەکەدا بڵاوبووبێتەوە."ئەو دیپلۆماتە گوتیشی: جەنگی 12 ڕۆژە نەک هەر کۆتایی بە نیگەرانییەکان نەهێنا، بەڵکوو بوو بە هۆی دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێ سەبارەت بە ناڕوونی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.

نائامادەیی ئێران لە هاوکاریکردنی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، بووەتە هۆی ئەوەی سێ وڵاتە ئەورووپاییەکە 'فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا' ڕەشنووسی بڕیارنامەیەک ئامادە بکەن بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیدا دژی ئێران پێشکەشی بکەن.

 
 
Fly Erbil Advertisment