نەوتهەڵگری تالارا لە بەندەر عەباس لەنگەری گرتووە
کۆمپانیای خاوەنداری کەشتی نەوتهەڵگری تالارا کە لەلایەن ئێرانەوە دەستی بەسەردا گیرابوو، ڕایگەیاند: سەرجەم ئەندامانی تیمی کەشتییەکە سەلامەتن و ئێستا نەوتهەڵگرەکە لە بەندەر عەباسە لە ئێران.
دووشەممە، 17ـی تشرینی دووەمی 2025، کۆمپانیای بەڕێوەبردنی کەشتی نەوتهەڵگری تالارا کە ناوی کۆلۆمبیایە، ڕایگەیاند: سەرجەم ئەندامی تیمی ناو کەشتیەکە 21 کەسن ، سەلامەتن و کاپتنی کەشتیەکە پەیوەندییەکی تەلەفونی لەگەڵ بەڕێوەبەری تەکنیکی کەشتیەکە کردووە.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی کۆمپانیاکە، نەوتهەڵگرەکە بە سەلامەتی لە بەندەر عەباس لەنگەری گرتووە.
بەڕێوەبەری کۆمپانیاکر گوتیشی: بەیارمەتیی هاوبەشەکانمان لەو ناوچەیە کاردەکەین بۆ دەستبەجێ چارەسەرکردنی دۆخەکە و ئازادکردنی ئەندامانی تیمەکە.
هەروەها ئاماژەی بەوە داوە، لە ڕێکەوتی 14ـی تشرینی دووەمی 2025 ەوە پەیوەندییان لەگەڵ کەشتیەکەدا پچڕاوە، لەو کاتەدا بە بارێک سووتەمەنیەوە لە بەندەری خورفکانی شاریقە لە ئیماراتەوە لە ڕێگادا بوو بەرەو سەنگافورە.
دوێنێ یەکشەممە، میدیا جیهانییەکان هەواڵی ڕاگیرانی کەشتی نەوتهەڵگری تالارایان لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بڵاوکردەوە، هەر دوێنێ سوپای پاسداران پشتڕاستی کردەوە کە یەکەکانی کاردانەوەی خێرای هێزی دەریایی وڵاتەکەیان بەهۆی هەڵگرتنی مادەی پترۆکیمیایی، دەستیان بەسەر ئەو کەشتییەکەدا گرتووە.
