محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود داوای كشانه‌وه‌ی كورد له‌ به‌غدا ده‌كات

چیتر کورد لە بەردەم بەغدا و عەرەب زەلیل مەکەن

K24 – هه‌ولێر:

سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود، رایگه‌یاند، بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ده‌ریخست، ئه‌وان هه‌ر یه‌كن بۆ دژایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پێویسته‌ كورد له‌ به‌غدا بكشێته‌وه‌.

به‌ پێچه‌وانه‌ی بنه‌مای ته‌وافق و هاوسه‌نگی و ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ی له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كرابوون، لایه‌نه‌ شیعی و سونییه‌كان له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق یاسای وه‌رگرتنی قه‌رزیان په‌سند كرد و له‌ یاساكه‌دا پێچه‌وانه‌ی خواستی كورد، مه‌رجی نوێیان به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستاندا سه‌پاند.

له‌و باره‌یه‌وه‌، كه‌سایه‌تی سیاسی و پێشمه‌رگه‌ی دێرین، كه‌ هاوكات سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانه‌، محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا رایگه‌یاند، ئەگەر هەموو داهات و خاک و میلەتیش تەسلیم به عێراق بکرێت، عێراق ئاماده نابێت بودجه و مووچه و مافی رەوای گەلی کوردستان بدات، بەڵام ئەمڕۆ زیاتر ماھیەتی عێراقییەکان دەرکەوت و سوننه و شیعه لەگەڵ ئەو هەموو دوژمنایەتیەی هەیانه، بەڵام ئەمڕۆ شیعه و سوننه هەردووکیان هەر عەرەب بوون و پێکەوه بە یەک دەنگ داوای بڕینی بودجه و مووچەی هەرێمی کوردستانیان کرد".

هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، سوننه و شیعه یەکبوون له دژی کورد، بۆیە من داوا له پەرلەمانی کوردستان دەکەم کۆبوونەوەیەک بکەن، بە هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان و حزبه سیاسییەکانی کوردستان، ئەم خاڵانە بکەنه بڕیار:

1-‏‎ چیتر داوای پاره و بودجه و موچه له عێراق نەکرێت.

2- ‏کورد له به‌غداد بکشێتەوە.

3- ئەو داهاتەی هەیه له کوردستان دا رێکی بخەن و بە شێوەیەکی گونجاو هەموو (30) سی رۆژ جارێک موچەی موچه خۆرانی هەرێم بدرێت، چاوەڕێی بەغداد نەبن و چیتر کورد لە بەردەم بەغداد و عەرەب زەلیل مەکەن.