حەمدی شنگالی: ڕێککەوتنی هەناردەکردنی نەوت بۆ ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبێت
جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ دەڵێت: هیچ کێشەیەک لەبەردەم هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان نییە و ڕۆژانە نزیکەی 250 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکرێت.
سێشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2025، حەمدی شنگالی، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ، لە میانەی بەشداریی لە هەڤپەیڤنێکی کوردستان24ـدا گوتی: سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی هەمیشە خاوەن پرۆژە و بیرۆکەی نوێیە، هەروەها کۆڕبەندی مێپسیش هەر بیرۆکەی بەڕێزیانە، ئەمساڵ لە کۆڕبەندەکە کەسانی خاوەن بڕیار لەسەر ئاستی عێراق، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان تێیدا بەشدارن.
جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ، ڕایگەیاند: قسەکانی سەرۆک بارزانی لە کۆڕبەندەکەدا، بەڕاستی نەخشەڕێگە بوو بۆ داهاتووی عێراق، هەروەها جەختی لە دەرکردنی یاسای نەوت و گاز کردووەتەوە.
لە بارەی پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، شنگالی ئاماژەی بەوە دا، پرۆسەکە بەردەوامە و هیچ کێشەیەکی نییە، ڕۆژانە نزیکەی 250 هەزار بەرمیل هەناردە دەکرێرت.
باسی لەوەش کرد، هەژمارێکی بانکی کراوەتەوە بۆ ئەوەی داهاتی نەوتی هەرێمی تێدا دابنرێت، کە هەردوو حکوومەتی هەرێم و عێراق، لەگەڵ کۆمپانیاکان لە فرۆشتنی نەوت و داهاتەکەدا ئاگادارن.
حەمدی شنگالی دووپاتی کردەوە، ڕاگرتنی هەناردەی نەوت زیان بە هەرێم و عێراقیش دەگەیەنێت.
شنگالی باسی لە وادەی کۆتاییهاتنی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ هەناردەکردنی نەوت کرد و ڕوونی کردەوە، ڕاستە کۆتایی ئەمساڵ ڕێککەوتنەکە کۆتایی پێدێت، بەڵام دواتر ڕێککەوتنەکە نوێ دەکرێتەوە و پرۆسەی هەناردەکردنەکە بۆ ساڵی داهاتووش بەردەوام دەبێت.
هاوکات جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ، ئاشکرای کرد، هەمیشە لە عێراق کێشە بۆ کۆمپانیای سۆمۆ دروست دەکرێت.
دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ و شەش مانگ، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و نوێنەری کۆمپانیاکانی بەرهەمێنەری نەوت، ڕێککەوتنی سێقۆڵیان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان واژۆ کرد و لە کاتژمێر حەوتی بەرەبەیانیی شەممە 27ـی ئەیلوولی 2025، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆری نەوتی کەرکووک - جەیهان دەستی پێکردەوە و سەرەتاش 190 هەزار بەرمیل هەناردە کرا.
