عەلی تەتەر: کۆڕبەندی مێپس دەستکەوتێکی مەزنە بۆ دهۆک
پارێزگاری دهۆک ڕایگەیاند، کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی دهۆک (مێپس) دەستکەوتێکی مەزنە بۆ پارێزگای دهۆک و ناوی شارەکەی خستووەتە ناو ناوانەوە.
سێشەممە 18ـی تشرینی دووەمی 2025، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک بە کوردستان24ی ڕایگەیاند: کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی دهۆک ناسراو بە مێپس، کە ماوەی شەش ساڵە لە دهۆک بەڕێوە دەچێت، دەستکەوتێکی مەزنە بۆ شارەکە و چاوی هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی خستووەتە سەر شاری دهۆک.
گوتیشی: وەک پارێزگای دهۆک شانازی دەکەین کە شارەکەمان بووەتە ناوەندی کۆبوونەوەی ئەو ژمارە زۆرەی کەسایەتی سیاسی، ئەکادیمیست، کەسایەتیە کاریگەرەکانی ناوەندە سیاسی و ئەمنی و ستراتیژییەکانی جیهان. ئاماژەشی دا، ئەم دیدارە ناوی دهۆکی کردووەتە ناوێکی دیار لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
تەتەر، سەبارەت بە مانای ناوی دهۆک گوتی: لە سەرچاوە مێژووییەکاندا چەندین لێکدانەوەی جیاوازی بۆ کراوە، بەڵام لە ڕووی زمانەوانییەوە، ناوی پارێزگاکەمان بە مانای شوێنی ژیان و ئاوەدانی دێت کە هاومانایە لەگەڵ وشەی شاردا.
لە درێژەی قسەکانیدا پارێزگاری دهۆک جەختی کردەوە، گشت تاوانەکانی کیمیاباران، جینۆساید و تاوانەکانی دیکە ی دژ بە نەتەوەکەمان، پیلانگێڕی بووە بۆ بەرژەوەندیی هەندێک دەوڵەتی ناوچەکە.
گوتیشی: تەنیا بە جێبەجێکردنی دەستوور و دروشمەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لە ڕێگەی گفتوگۆوە دەتوانین چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکانمان بکەین.
کۆڕبەندی مێپس
ئەمڕۆ سێشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2025، شەشەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس) لە زانکۆی ئەمەریکی- کوردستان لە دهۆک، دەستی پێکرد و بۆ ماوەی 3 ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
هەر یەکە لە سەرۆک مەسعود بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیران، فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە سیاسی، ئەکادیمییەکان، نووسەران و توێژەرانی ئەمەریکای باکوور، ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە کۆڕبەندەکەدا بەشدارن.
ئامانجی سەرەکی مێپسی ئەمساڵ، تاوتوێکردنی ململانێ و ئالنگارییەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، لەگەڵ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی درێژخایەن و بەدەستهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا. چاوەڕوان دەکرێت گفتوگۆکان تیشک بخەنە سەر دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتیی، لەگەڵ ڕوانینێک بۆ ئاسایشی گشتیی و سەقامگیری ناوچەکە.
دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 وەک سپۆنسەری میدیایی کۆڕبەندەکە، لەماوەی ڕۆژانی بەڕێوەچوونیدا، ڕووماڵی کارەکانی کۆڕبەندی مێپس 2025 دەکات.
