دواي 40 ساڵ دەرفەتێكی گەورە بۆ عێراق رەخسا
شكستی دوو هەڵبژاردە خزمەتێكی گەورەی بە عێراق گەیاند
دوای ئەوەی بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو هەڵبژاردەكانی كۆستاریكا و تۆباگۆ لە كیشوەری ئەمریكای باكوور نەگەیشتنە قۆناغی پاشكۆی مۆندیالی 2026، راستەخۆ هیوای عێراق بۆ گەیشتن بە مۆندیال زیاتر بوو، جارێکی دیکە ھەلێکی زێڕین لهبهردهم ھەڵبژاردەی عێراقه هاتە پێش بۆ ئەوەی دوای 40 ساڵ لە چاوەڕوانی، بۆ دووەمجار لە مێژووی خۆیدا بگاتە جامی جیهانی.
هەڵبژاردەی كۆستاریكا كە لە پۆلێنی 45ـەمی باشترین هەڵبژاردەی جیهان دێت نەیتوانی بگاتە قۆناغی پاشكۆی مۆندیال، ئەمەش سوودی بە عێراق گەیاند، چونكە پۆلێنەكەی لە فیفا لە سەرووی عێراقە.
شەش هەڵبژاردەكەی پاشكۆی مۆندیال
بە فەرمی ناسنامەی شەش هەڵبژاردەكەی پاشكۆی مۆندیالی 2026 یەكلایی كرایەوە كە پێكهاتوون لەم هەڵبژاردانەی خوارەوە كە لە نێویاندا لەسەر ئاستی هەر شەش هەڵبژاردەكە، عێراق بەرزترین پلەی لە ریزبەندی فیفا هەیە.
یەكەم: عێراق ـ نوێنەری كیشوەری ئاسیا لە ریزبەندی فیفا لە پلەی 57ـەمینی جیهان دێت.
دووەم: كۆنگۆ ـ نوێنەری كیشوەری ئەفریقیا لە ریزبەندی فیفا لە پلەی لە پلەی 60ـەمینی جیهان دێت.
سێیەم: جامایكا ـ نوێنەری كیشوەری ئەمریكای باكوور لە ریزبەندی فیفا لە پلەی 68ـەمین دێت.
چوارەم: بۆلیڤیا ـ نوێنەری كیشوەری ئەمریكای باشوور لە ریزبەندی فیفا لە پلەی 76 دێت.
پێنجەم: سۆرینام ـ نوێنەری كیشوەری ئەمریكای باكوور لە ریزبەندی فیفا لە پلەی 126 دێت.
شەشەم: كاڵیدۆنیای نوێ ـ نوێنەری ئۆقیانووس لە ریزبەندی فیفا لە پلەی 150ـەمینی جیهان دێت.
زانیاری 100% لەبارەی یارییەكانی قۆناغی پاشكۆ
ئەم شەش هەڵبژاردەیە شەڕی بەدەستهێنانی دوو بلیتی مۆندیالی 2026 دەكەن، بەهۆی ئەوەی هەڵبژاردەكانی عێراق و كۆنگۆ بەرزترین ریزبەندییان لە پۆلێنی نوێی فیفا هەیە، تەنیا یەك یاری دەكەن و بە بردنەوە راستەوخۆ دەگەنە مۆندیال، سبەی چوارشەممە ناسنامەی ئەو هەڵبژاردانەی ركابەری عێراق و كۆنگۆ دەكەن بەدیار دەكەوێت، هیچ یارییەك بەشێوازی چوون و هاتن ناكرێت.
چوار هەڵبژاردەكەی دیكە (جامایكا، سۆرینا، بۆلیڤیا و كاڵدیۆنیای نوێ) بۆ سەر دوو یاری دابەش دەبن، براوەكانیان رووبەڕووی هەڵبژاردەكانی عێراق و كۆنگۆ دەبنەوە.
سەرجەم یارییەكانیش لە وڵاتی مەكسیك لە یاریگەكانی (گوادالاخارا، ئاكرۆن و بی بی ڤی ئەی لە كۆنتێری) دەكرێن، یارییەكانیش لە رۆژانی 23/3/2026 تاوەكو رۆژی 31ـی هەمان مانگ یەكلایی دەبێتەوە.
