گروپه‌كانی "سه‌ر به ئێران" هه‌ڕه‌شه‌ی به‌ئامانجكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی سعوودیه له عێراق ده‌كه‌ن
"هیچ ده‌رفه‌تێك بۆ وه‌به‌رهێنانی سعوودیه له عێراق نییه"
.jpg)
K24- هه‌ولێر:
له‌میانه‌ی هه‌ڵمه‌تی لایه‌نه سیاسییه‌كان و ئه‌و گروپه چه‌كدارانه‌ی كه ده‌گوترێت سه‌ر به ئێرانن، له نیاز و بڕیاری سعوودییه بۆ ئه‌نجامدانی كاری وه‌به‌رهێنانی كشتوكاڵی له‌سه‌ر رووبه‌ری نزیكه‌ی ملیۆن هێكتار زه‌وی له هه‌ردوو پارێزگای ئه‌نبار و موسه‌ننا، ژماره‌یه‌ك له‌و گروپانه به‌یاننامه‌یه‌كیان له دژی ئه‌و هه‌نگاوه‌ی سعوودیه بڵاوكرده‌وه.
له به‌یاننامه‌كه‌دا كه شه‌وی رابردوو بڵاویانكرده‌وه، ئه‌و گروپه چه‌كدارانه دووپاتیانكرده‌وه، "له‌سه‌ر ئه‌وه رێكه‌وتووین، كه هه‌ر كارێكی وه‌به‌رهێنانی سعوودیه ده‌كرێته ئامانجی گروپه هاوپه‌یمانه‌كان"، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌و سێ گروپه‌ی بهیاننامهكهیان راگه‌یاندووه.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه به‌م دواییانه گروپێكی چه‌كداره میلیشیاكان له عێراق سه‌ریهه‌ڵداوه و پێشتریش به‌رپرسیارێتی خۆی له هه‌ڵكوتانه سه‌ر ژماره‌یه‌ك باره‌گای حزبی و كه‌ناڵه ئاسمانییه‌كان راگه‌یاندووه، وێڕای به‌ئامانجكردنی نێرده دیپلۆماسییه‌كان له‌ناو خاكی عێراق، كه به گوته‌ی چاودێران، ئه‌و گروپه میلیشیایه باڵێكی نوێی چه‌كداریی كه‌تائیب حیزبوڵڵا، نوجه‌با و چه‌ند گروپێكی دیكه‌ی دیاری سه‌ر به سوپای پاسدارانی ئێرانه، وه‌ك گروپه‌كانی "عه‌سائیب ئه‌هلول حه‌ق و خوراسانی".
به‌گوێره‌ی ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ش كه له‌لایه‌ن چالاكوانان و پێگه‌كانی سه‌ر به‌و گروپه میلیشیایانه بڵاوكراوه‌ته‌وه، شاندێكی "روبعوڵڵا" چاوی به شاندێكی "مهجامیع خاسه و به‌ره‌ی ئه‌بو جه‌داحه" كه‌وتووه و له‌سه‌ر ئه‌وه رێكه‌وتوون كه "هیچ ده‌رفه‌تێك بۆ وه‌به‌رهێنانی سعوودیه نییه، ته‌نیا دوای ئه‌وه نه‌بێت كه خانه‌واده‌ی كوژراوانی ئه‌و كرده‌وانه قه‌ره‌بوو بكه‌نه‌وه، كه له‌لایه‌ن تیرۆریستانه‌وه به هاوكاری هاووڵاتیانی سعوودیه كوژراون".
به‌یاننامه‌كه جه‌ختیشی كرده‌وه، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه وه‌به‌رهێنانی سعوودیه ده‌كه‌نه ئامانج.
ئه‌مه‌ش یه‌كه‌م هه‌ڕه‌شه‌ی له‌مجۆره‌یه كه گروپه میلیشیاكانی سه‌ر به ئێران له سه‌رده‌می حكومه‌ته‌كه‌ی مسته‌فا كازمی له هه‌نگاوه‌كانی كرانه‌وه‌ی ئابووری و سیاسی نێوان عێراق و سعوودیه ده‌كه‌ن.
پێشتریش نوری مالكی، سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووتری عێراق و سه‌ركرده‌ی ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا، كه به‌یه‌كێك له دیارترین هاوپه‌یمانی تاران له‌عێراق داده‌نرێت، هێرشێكی توندی كرده سه‌ر هه‌نگاوه‌كانی حكومه‌تی كازمی بۆ رێگه‌دان به وه‌به‌رهێنانی سعوودیه له كه‌رتی كشتوكاڵی عێراقی و ئه‌م هه‌نگاوه‌ی سعوودیه‌ی به "ئیستعمار" وه‌سف كرد، هه‌روه‌ك په‌رله‌مانتارانی هاوپه‌یمانی فه‌تحیش له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، كه باڵی سیاسی حه‌شدی شه‌عبییه، هێرشی توندیان كرده سه‌ر لێكتێگه‌یشتنه‌كه‌ی نێوان به‌غدا و ریاز بۆ ئه‌نجامدانی كاری وه‌به‌رهێنان له لایه‌ن سعوودیه‌وه له بواری كشتوكاڵ له عێراق.
به گوته‌ی به‌رپرسانی عێراقی، له میانه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی هه‌فته‌ی رابردوودا بۆ به‌غدا، شاندی وه‌زاریی سعوودیه ئه‌نجامدانی كاری وه‌به‌رهێنانیان له بواره جیاوازه‌كانی كشتوكاڵ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی عێراقی تاوتوێ كردووه، كه پێشبینی ده‌كرێت ئه‌و هه‌نگاوه ده‌یان ده‌رفه‌تی كار له عێراق بڕه‌خسێنێت، وێڕای بووژانه‌وه‌ی ئابووری ناوخۆیی، كه ده‌كرێت ببێته هۆكارێك بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی هاورده‌كردنی رۆژانه‌ی به‌رهه‌مه كشتوكاڵییه‌كان له ئێران، كه هه‌ر ئه‌مه‌شه وه‌ك هۆكارێك بۆ هێرش و هه‌ڕه‌شه‌ی میلیشیا و هاوپه‌یمانانی تاران له دژی ئه‌و هه‌نگاوه‌ی سعوودیه لێكده‌درێته‌وه.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له نووسینگه‌ی كازمی كه ئاماژه به ناوی نه‌كراوه، به پێگه‌ی "عه‌ره‌بی جه‌دید"ی راگه‌یاندووه، "هه‌ڵمه‌تی پێشوه‌خته له دژی وه‌به‌رهێنانی سعوودیه ده‌ستی وڵاتێكی هه‌رێمیی دراوسێی له‌پشته‌وه‌یه"، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران.
هه‌مان ئه‌و به‌رپرسه راشیگه‌یاندووه، "سه‌ركه‌وتنی هه‌نگاوی وه‌به‌رهێنانی سعوودیه له كه‌رتی كشتوكاڵ مانای وایه كه له ماوه‌ی یه‌كه‌م ساڵدا عێراق قه‌باره‌یه‌كی گه‌وره‌ی له‌و به‌رهه‌مانه ده‌ستده‌كه‌وێت، كه ئێستا به دراوی قورس "ئه‌و نه‌ختینه‌یه كه به دراوی نێوده‌وڵه‌تی داده‌نرێت وه‌ك: زێڕ و دۆلاری ئه‌مه‌ریكی و ... هتد" له ئێران هاورده‌یان ده‌كات، هه‌روه‌ك ئه‌و هه‌نگاوه‌ی سعوودیه له‌سه‌ر ئاستی كه‌رتی تایبه‌ت قازانجێكی گه‌وره به عێراق ده‌دات و زیاتر له 30 هه‌زار ده‌رفه‌تی كاریش بۆ عێراقییه‌كان ده‌ڕه‌خسێنێت".
گوتیشی: "ئه‌و هه‌ڵمه‌ته هیچ پاساوێك هه‌ڵناگرێت و له‌ڕێگه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی گروپه چه‌كداره‌كانه‌وه زیانی گه‌وره به ئایندهی وه‌به‌رهێنان له عێراق ده‌گه‌یه‌نێت" و گوتی: "ئه‌مانه ژماره‌یه‌ك گروپی چه‌كدارین، ئه‌وه‌نده‌ی كار بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ده‌ره‌كی ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌نده گرنگی به به‌رژه‌وه‌ندی عێراقییه‌كان ناده‌ن".
رۆژی سێشه‌ممه‌ی رابردووش مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ره‌خنه‌ی توندی له هه‌ندێك هێز گرت، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه به ناویان بكات، به‌وه‌ی كه هێرشیان كردووه‌ته سه‌ر لێكنزیكبوونه‌وه‌ی نێوان عێراق و وڵاتانی دیكه.
له په‌راوێزی كۆبوونه‌وه‌ی هه‌فتانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیراندا كازمی گوتی: "چه‌ند هه‌ڵمه‌تێك بۆ دژایه‌تیكردنی لێكنزیكبوونه‌وه‌ی عێراق له‌گه‌ڵ هه‌ر وڵاتێكی دیكه ده‌ستیان پێكردووه، ده‌نگۆی بێبنه‌ما بڵاوده‌كه‌نه‌وه و ئامانجیان تێكه‌ڵكردنی دۆسییه‌كان و په‌كخستنی هه‌ر لێكتێگهیشتنێكه كه له‌به‌رژه‌وه‌ندی وڵات‌دا بێت"، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌و هه‌ڵمه‌تانه‌ی كه ده‌گوترێت ژماره‌یه‌ك گروپی سه‌ر به ئێران له دژی ئه‌و لێكتێگه‌یشتنانه‌ی له نێوان به‌غدا و هه‌ریه‌ك له ریاز و قاهیره ئه‌نجامدراوه، ده‌ستیان پێكردووه.
كازمی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، له ماوه‌ی دوو رۆژدا ئه‌نجوومه‌نی هه‌ماهه‌نگیی عێراقی – سعوودی زنجیره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجامداوه، به‌مه‌به‌ستی گه‌یشتن به چه‌ند لێكتێگه‌یشتنێكی تایبه‌ت به كه‌رته‌كانی پیشه‌سازی، بازرگانی، كشتوكاڵ، نه‌وت، فێركردن، رۆشنبیری و بواره‌كانی دیكه.
جه‌ختیشی كرده‌وه، زۆر گرنگه عێراق ببێته ژینگه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران، نه‌ك بۆ ده‌ركردنیان، چونكه عێراق پێویستیی به وه‌به‌رهێنان و ره‌خساندنی هه‌لی كار و بونیادنانه‌وه‌یه.
له به‌رامبه‌ریشدا ئه‌سیل نوجێفی، سه‌ركرده له به‌ره‌ی "ئینقاز و ته‌نمیه" و پارێزگاری پێشووتری مووسڵ دووپاتیكرده‌وه، "هه‌ر وه‌به‌رهێنانێكی سعوودیه كه له باشووری عێراق ره‌ت ده‌كرێته‌وه، پێویسته له پارێزگای نه‌ینه‌وا ئه‌نجام بدرێت"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "نه‌ینه‌وا تامه‌زرۆی هه‌موو جۆره وه‌به‌رهێنانێكه له كه‌رته‌كانی كشتوكاڵ، پیشه‌سازی، وزه و خزمه‌تگوزاری".
H.B