پرۆژە بڕیارێکی نوێی ئەمەریکا و ئەورووپا دژ بە پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران
پرۆژەی بڕیارنامەکەی ئەمەریکا و سێ وڵاتە ئەورووپاییەکە دژ بە پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران پێشکەش بە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی چاودێرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کرا.
چوارشەممە، 19 تشرینی دووەم، 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، بڵاوی کردەوە "ئەمەریکا، ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا، لە پرۆژەی بڕیارنامەکەدا، داخوازیی گەڕانەوەی خێرای پشکنەرانی ئاژانس بۆ سەردان و کۆنترۆڵی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و هاوکارییانی لە لایەن ئێرانەوە، کردووە."
لە پرۆژە بڕیارنامەکەدا هەروا داوا کراوە ئێران دەبێت چارەنووسی زیاتر لە 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمە بە ڕادەی %60 پێتێنراوەکەی ئاشکرا بکات و مۆڵەتی گەیشتن بە بنکە ئەتۆمییە بۆمبارانکراوەکانی بدات.
ئەم پرۆژە بڕیارە، لە هەشت بڕگە پێک هاتووە و بڕیارە لە میانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پاریزگارانی ئاژانسی وزەی ئەتۆم، لە 19 تاکوو 21ی تشرینی دووەم لە جنێڤ، بڕیاری لەسەر بدرێت.
لەم پرۆژە بڕیارەدا، دووبارە داوا لە ئێران کراوەتەوە چالاکییە ئەتۆمییەکانی وەک پیتاندنی یۆرانیۆم و توێژینەوە و پرۆژەکانی پەیوەست بە بەرهەمهێنانی ئاوی قورس، ڕابگرێت.
ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، مانگی ئەیلوولی ڕابردوو لە قاهیرە ڕێککەوتنێکیان ڕاگەیاند و بڕیار بوو ڕێگە خۆش بکات بۆ دەستپێکردنەوەی سەرجەم پشکنینەکان و دیاریکردنی چارەنووسی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ئێران؛ بەڵام تاران دواتر، ڕایگەیاند کە ڕێککەوتنەکە پووچەڵ کراوەتەوە.
