کوڕبەندی مێپس کۆتایی هات
شەشەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS) دوای سێ ڕۆژ کۆتایی بە کارەکانی هێنا.
چوارشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2025، هونەر عیسا، سەرۆکی کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS) بە وتەیەک بەفەرمی کۆتایی کارەکانی کۆڕبەندەکە هێناو ، هیوای خواست لە ساڵی داهاتووش زانکۆکە بتوانێت خولی حەوتەمی کۆڕبەندەکە بەڕێوە ببات.
هونەر عیسا، لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوەدا، خۆشحاڵ بوون توانیویانە لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا بە بەشداری، سەرۆک مەسعود بارزانی، لایەنە جیهانییەکان و بەرپرسان و ئەکادیمیست وگەنجان، کۆڕبەندێکی مەزن بەڕێوە ببەن و دەرفەت بۆ خاوەن دەنگەکان بڕخسێنن.
گوتیشی: بەشداری سەرۆک مەسعود بارزانی و هاوبەشیکردنی دیدگای خۆی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ دووپاتکردنەوەی ڕژدبوونی سەرۆکە لە بەدیهێنانی ئاشتی وەک ئامانجی سەرەکی ناوچەکە.
ئاماژەشی بەوە دا، قوڵایی گفتوگۆکانی کۆربەندەکە هیوابەخش و ئەرێنی بوون لە کاتێکدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دۆخێکی نائاساییدا تێپەڕ دەبێت لە ڕووی ئاسایش و سەقامگیرییەوە.
هونەر عیسا لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: کۆڕبەندی مێپس وەکو پردێک لە نێوان بریاردەران و چین و توێژەکانی دیکە کار دەکات، هەروەها هانی ئەکادیمیست و قوتابییان و گەنجان دەدات بیرۆکەی نوێ گەڵاڵە بکەن، چونکە ئەم دەسپێشخەرییانە تەنیا ئەکادیمی نین بەڵکو بەرجەستەکردنی سیاسەت و تیروانینێکە کە ئاییندەی عێراق و هەرێمی کوردستان و بگرە تەواوی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستیش بەرەو پێش دەبات.
سەرۆکی کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS)، بە پێشکەشکردنی سوپاس و پێزانینی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک و ڕێکخەرانی کۆڕبەندەکە بۆ گشت بەرپرسان، توێژەران، ئەکادیمیست، قوتابییان، میدیاکان و ئامادەبوسان کۆتایی بە وتارەکەی و بە کۆڕبەندەکەش هێنا و هیوای خواست لە کۆڕبەندی مێپس 2027 دووبارە پێشوازییان لێ بکەنەوە.
