کۆنفرانسی 'کۆپ30' بانگەوازێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی نکۆڵیی لە گۆڕانی کەشوهەوا
کۆنفرانسی نێودەوڵەتی کەشوهەوا 'کۆپ30' لە شاری بیلیم لە بەرازیل، کە لە 11 تا 22ـی تشرینی دووەم 2025، بەڕێوە دەچێت، ڕووبەڕووی نکۆڵیکردن لە گۆڕانەکانی کەشوهەوا، لە لایەن هەندێ کۆمەڵگە و بڕیاربەدەستانەوە دەبێتەوە.
لویس ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا، سەرۆکی بەرازیل، لە وتاری دەستپێکی کۆنفرانسەکەدا، گوتی: کاتی ئەوە هاتووە شکست بە بۆچوونی ئەوانە بهێنین کە گۆڕانە مەترسیدارەکانی کەشوهەوا ڕەت دەکەنەوە.
دا سیلڤا، جەختی لە هاریکاریی نێودەوڵەتیی بۆ پاراستنی ژینگە کردەوە و گوتی: هەندێک لە زلهێزەکان لە پابەندبوونە ژینگەییەکانیان پاشەکشە دەکەن و قەبارەی ئەو قەیرانە و کاریگەرییەکانی بەهەند ناگرن و تەنانەت نکۆڵیی لێ دەکەن.
سەرۆکی بەرازیل، ڕایگەیاند "پاراستنی ژینگەی هەسارەی زەوی پێویستیی بە یەکێتییەکی جیهانیی هەیە کە لە دەرەوەی بەرژەوەندییە سیاسییەکانەوە بڕوانێتە ئەم قەیرانە چارەنووسسازە. لە کاتێکدا زۆربوونی شەپۆلی گەرما و ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان و لافاو، کە پێشینەیان نەبووە، هەڕەشەیەکی ئاشکرا و ڕوونن بۆ سەر ژیانی گشت دانیشتووانی زەوی، لە بەرانبەردا پاشەکشەیەکی ئاشکرا لە پابەندبوونە نێودەوڵتییەکان بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی گەردیلە زیانبەخشەکان دەبینین، بە تایبەتی لەلایەن هەندێک لە وڵاتە پیشەسازییە گەورەکانەوە."

دا سیلڤا، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: پشتگوێخستنی مەترسیی گۆڕانە ژینگەییەکان لە پێناو بەرژەوەندیی ئابووری و سیاسیدا، هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر چارەنووسی هەسارەکەمان.
سەرۆکی بەرازیل گوتیشی: نکۆڵیی لە گۆڕانە ژینگەییەکان یەکێکە لە گەورەترین بەربەستەکانی بەردەم جێبەجێکردنی سیاسەتە ژینگەییەکان، چ لەسەر ئاستی بڕیاربەدەستان کە دوودڵن لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی بنەڕەتی، یان لەسەر ئاستی کۆمەڵگاکان کە هێشتا کولتووری هۆشیاری ژینگەیی تێیاندا جێگیر نەبووە.
هاجەر عەرایسیە، توێژەری زانستی و چالاکوانی ژینگەیی لە کۆلێژی ئاداب و زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی 'سەفاقس'ـی توونس، دەڵێت: دیاردەی نکۆڵیی لە گۆڕانی کەشوهەوا تەنها هەڵوێستێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی ئاڵۆزە کە تێیدا فاکتەرە مەعریفی و دەروونی و سیاسییەکان تێکەڵ دەبن. زۆرێک لە خەڵک بەلایانەوە سەختە بە شێوەیەکی دوورمەودا لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بگەن، چونکە مێشکی مرۆڤ مەیلی هەیە سەرنج بخاتە سەر مەترسییە ڕاستەوخۆ و خێراکان.
ئەو توێژەرە، هەروا گوتی: نەبوونی زانیاری زانستیی ورد، یان بڵاوبوونەوەی زانیاریی هەڵە لە ڕێگەی سۆشیالمیدیاوە دەبێتە هۆی قووڵکردنەوەی گومان و ڕەتکردنەوەی ئەو دیاردەیە. سەرەڕای ئەمانە، لایەنێکی دەروونی هەیە کە بە "ماندوێتی ژینگەیی" یان eco-anxiety ناسراوە، کە تێیدا تاکەکان هەست بە بێتوانایی دەکەن لە بەرامبەر قەبارەی کێشەکە، بۆیە پەنا دەبەنە بەر ڕەتکردنەوە وەک میکانیزمێکی بەرگری بۆ کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ. کەواتە، ڕەتکردنەوە هەمیشە بەڵگەی بێباکی نییە، بەڵکو هەندێک جار ڕێگەیەکە بۆ هەڵاتن لە هەستی بێتوانایی گشتی.
