هەڤپەیڤینی کوردستان24 لەگەڵ هۆشیار زێباری
ئەمڕۆ چوارشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2025، هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کاتی بەشداریکردنی لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24، سەرنجی خستە سەر چەندین پرسی پەیوەست بە هەرێم، عێراق و ناوچەکە.
پێشکەشکار: بینەرانی کوردستان24 سڵاوتان لێ بێت، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا میوانێکی قەدرگرانم هەیە، بۆ ژمارەیەک پرس، پرسیاری ئاراستە دەکەین، وەڵامەکان بۆ ئێمە و بێگومان بۆ ئێوەش زۆر زۆر گرنگە، هێژا هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانە، زۆر بەخێر بێی و سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە.
هۆشیار زێباری: سەرچاوان
پێشکەشکار: بەدەستهێنانی ملیۆنێک دەنگ لە ئێوە پیرۆز بێت لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان ئێوە یەکەم بوون ئەمە چ واتایەک دەگەیەنێت؟ ئێوە لە دوای ئەنجامەکان لە هەژماری خۆتان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئاماژەتان بەوە دا، پێکهێنانی کابینەی نوێ لە عێراق ئاسان نابێت ئەگەر هەوڵێکی جیددی نەبێت، ئەم گوتانەی بەڕێزت لە پای چی هات؟
هۆشیار زێباری: سەرەتا سەرکەوتنی پارتی لە سەرۆک بارزانی و تەواوی سەرکردایەتیی پارتی پیرۆز بێت، هەموو لایەک هەوڵێکی زۆریاندا و سەلماندیان ئەم پارتە خۆی دەژینێتەوە و لە دایک دەبێتەوە، پیر نەبووە و هەروەها ماندووش نەبووە، بەدەستهێنانی زیاتر لە ملیۆنێک دەنگ جیا لەوەی بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوو، لە چەند شوێنێک دەنگێکی زۆرمان بە دەست هێنا کە پێشتر لەو شوێنانە دەنگمان کەمبووە یان نەمان بووە، لە مووسڵ، دیالە، واست، کەرکووک و هەموو ناوچەکانی دیکە دەنگێکی زۆرمان مسۆگەر کرد، لیستی پارتی تەنیا لە نێو کورددا دەنگی بە دەست نەهێناوە، بەڵکوو نەتەوەکانی دیکەشی تێدابوو، هەروەها پارتی سەلماندی پارێزەری هەموو پێکهاتە و ئایینزا جیاوازەکانە، هەموو ئەو کاندیدە کۆتایانەی پارتی پشتیوانیکردن هەموویان سەرکەوتن، هیچ لایەنێکی دیکە نەیتوانیوە ئەم سەرکەوتنە بە دەست بهێنێت، بۆیە پێگەی پارتی زۆر بەهێزە بۆ دانوستاندن لەگەڵ هەموو لایەنە عێراقییەکان، بەشداریکردنی ئەو ژمارە زۆرە سەرکردە عێراقی و بیانییانەی لە کۆڕبەندی مێپس مانای بەهێزی پێگە و سەکردایەتیی بەهێزی ئەم حزبە پیشان دەدات.
پێشکەشکار: ئێوە گوتتان پێکهێنانی کابینەی نوێ ئاسان نابێت؟
هۆشیار زێباری: بۆچی وامان گوت؟ پارتی لە هەموو کابینەکانی حکوومەتی عێراقی بەشدار بووە لە 2005ـەوە تاوەکوو ئێستا بۆیە دەزانێت، لەم هەڵبژاردنە هیچ حزب و لایەنێک بە بەهێزی نەهاتووەنەتە پێش، بەشی زۆریان دەنگ و کورسی کەمیان بە دەست هێناوە، بۆیە کۆکردنەوەی هەموو ئەمانە کارێکی ئاسان نییە، دەبێت هەوڵێکی جیددی بدرێت بۆ ئەوەی بە خێرایی حکوومەتی نوێ پێک بهێندرێت، تانە لێدان لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەست پێدەکات، تاوەکوو ئێستا کورسییەکانی پارتی سەلامەتن، بەڵام لە نزیکەوە چاودێریی دەکەن و هەموو جۆرە دەستوەردانێک ڕەت دەکەینەوە، چونکە ماوەیەک پێشتر بە ناحەقی کورسییەکانی پارتی بۆ لایەنەکانی دیکە براون، بۆیە بە تێڕوانینی من پێکهێنانی حکوومەتی نوێ قورس دەبێت، بەڵام بە گوێرەی بڕگە یاسایی و دەستوورییەکان نابێت تاوەکوو مانگی ئادار و نیسان درەنگ بکەوێت، بەڵام ئایا دەگاتە ئەو ڕێککەوتە یان نا، هەروەها لە هەرێمی کوردستان بە ڕێنمایی سەرۆک بارزانی هەوڵێکی زۆر باش درا بۆ پێکهێنانی کابینەی 10ـی هەرێمی کوردستان بۆ پێش هەڵبژاردنەکانی عێراق، دانوستاندنی قووڵ لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بەڵام بە داخەوە نەگەیشتینە ڕێککەوتن، سەرەڕای ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە کابینەی نوێ پێک ناهێندرێت.
پێشکەشکار: چوارچێوەی هەماهەنگی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی ڕاگەیاندووە، دەمەوێت بزانم پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ کامە لایەن کۆنابێتەوە، بڕیارتان داوە لەگەڵ هیچ لایەنێکی عێراقی دانووستاندن یان هاوپەیمانی پێکنەهێنن؟
هۆشیار زێباری: دوێنێ سەرۆک بارزانی لە گوتارەکەیدا ڕایگەیاند، هێڵی سوورمان بۆ هیچ کەسێک نییە، ئەمە بەخۆی سیاسەتی پارتییە، ڕەنگە بمانەوێت لەگەڵ لایەنێک بین، لەم سۆنگەیەوە پارتی خاوەن ئەزموونێکی زۆرە، چوار هەماهەنگی دەیەوێت وا خۆی نیشان بدات خاوەنی زۆرترین کورسییە و بە مافی خۆی بزانێت سەرۆک وەزیرانی داهاتوو لەلای ئەوان دەبێت، بەڵام لە ڕاستییدا ئەمە زیاتر بۆ دژایەتیکردنی سوودانییە، چونکە سوودانیش وا نیشان دەدات خاوەنی زۆرترین دەنگ و کورسییە، بۆیە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو کۆبوونەوەیان لە نێوخۆدا کرد و ئاماژەیان بەوە دا، بە مافی خۆیان دەزانن سەرۆک وەزیرانی داهاتوو لەلای ئەوان بێت، هەروەها دوو لێژنەیان پێکهێناوە، یەکەمیان بۆ دانووستاندن لەگەڵ لایەنە کوردییەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها لەگەڵ لایەنە عەرەبە سووننەکان، لێژنەیەکی دیکەیان پێکهێناوە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت خۆیان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کاندید بکەن، ئەمەش بە واتای ئەوە دێت دەیانەوێت سەرۆک وەزیرانی داهاتوو لەلای ئەوان بێت و خۆیان دەستنیشانی دەکەن. پرۆسەی دانووستاندن بۆ پیکهێنانی کابینەی نوێی عێراق دەستیپێکردووە لە عێراق و هەرێمی کوردستان، دوێنێ لە کۆڕبەندی مێپس لە دهۆک دەستیپێکرد، هەروەها لە چەند ڕۆژی داهاتوو لە پیرمامیش گفتوگۆکان دەستپێدەکەن.
پێشکەشکار: لایەنە عێراقییەکان دێنە پیرمام؟
هۆشیار زێباری: دێنە پیرمام، هەروەکوو چۆن لە ڕابردووش هاتووەنەتە پیرمام، ئەمەش بەهۆی بەهێزی پارتی و بەدەستهێنانی ئەو سەرکەوتنە گەورەیی پارتی و دانووستاندنی قووڵ دەبێت، دەمانەوێت حکوومەتێکی بەهێز ڕێز لە دەستوور بگرێت و پابەندییەکانی جێبەجێبکات، هەروەها لە گوتەکانی سەرۆک بارزانی دوێنێ لە مێپس تەواوی ئەو پێداویستییانەی خستەڕوو بۆ ئەوەی ئەم کابینەیە سەرکەوتووبێت، هەروەها ناچینە نێو حکوومەتێک ئەگەر داواکارییەکانی ئێمە جێبەجێ نەکرێت، داواکارییە دەستووریی دەبن، چونکە هیچ کات داوایەکیمان نەبووە نا دەستووری بێت.
پێشکەشکار: بەڕێز هۆشیار، بەشێک لە لایەنە سووننییەکان چاویان لەوەیە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق وەربگرن، وەک لاتان ڕوونە پۆستی سەرۆک کۆمار بە مافی کورد دادەنرێت، هاوکات دوێنێ سوودانی گوتی، هیچ هۆکارێک بۆ گۆڕانکارییەکان نابیندرێن، ئایا ئەم عورفە بەردەوام دەبێت یان ئەگەری گۆڕانکاری هەیە؟
هۆشیار زێباری: عورفێکی سیاسی بووە، داواکاری خەڵکی ئێمەش بووە، وەکو کورد بەشداربن لە حکوومەتێکی نوێ، پێویستە لایەنێک هەبێت چاودێربێت بۆ مافەکانی ئێمە، لە ڕابردوو سەرۆک کۆمار وەک ئەم لایەنە دیکرا بۆ چاودێریکردنی مافەکانی کورد، پۆستی سەرۆک کۆمار پاراستی دەستوور و مافەکانە، لەدوای کۆچی دوایی مام جەلال تاڵەبانی، تاوەکوو ئێستا ئەم پۆستە نەهاتووەتە پڕکردنەوە وەک پێویست و بەرگریی لە هەموو عێراق و مافەکانی گەلی کورد بکات، دەگوترێ پێگەیەکی تەشریفاتییە، بەڵام نەخێر لەسەر ئەم کەسە دەوستێت کە پۆستە بەڕێوەدەبات، ئەگەر نا یەکێکە گرەنتییەکانی ئێمە وەکو کورد ئەم پۆستە بۆ هەموو کوردە نەک بە تەنیا بۆ پارتی یان لایەنێکی دیکە، بۆیە بە تێڕوانینی من ئەم عورفە بەردەوام دەبێت.
پێشکەشکار: پارتی چاوی لە پۆستی سەرۆک کۆمارە؟
هۆشیار زێباری: پێشتر ئەم بابەتە گفتوگۆی لەسەر کراوە، لە دانووستاندنەکانمان لەگەڵ برادەرانی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان، بەڵام جارێ زووە، ئاخۆ چ بڕیارێک لەسەری دەدرێت، چونکە لێت ناشارمەوە هەرسێ سەرۆکایەتی عێراق یەک پاکێجی گرێدراوە، پێویستە لێکتێگەیشتن لەسەر ئەم پۆستانە بکرێت، لەسەر پۆستەکانی دیکە و هەموو لایەنەکان مافیان بەگوێرەی بەدەستهێنانی دەنگ و کورسی پێویست، ئێمە تێڕوانینێکی ڕوونمان هەیە هەروەک لە هەڵبژاردنیش دیار و ڕوون بوو، هاوسەنگی و هاوبەشی و سازان، ئەمانە هەمووی مافی دەستووری ئێمەن.
پێشکەشکار: ئەگەر ئەم حکوومەتەی داهاتوو پابەند نەبێت بە دروشمی هەڵبژاردنی پارتی، ئێوە جێگرەوەتان چی دەبێت؟
هۆشیار زێباری: هەڵویستی پارتی پابەندبوونە، پێم گوتی ئێمە ئەزموونمان هەیە و بە کوێری ناچینە نێو دانووستاندن و حکوومەت، چونکە پێشتریش داواکارییە دەستوورییەکانمان بە نووسین لەگەڵیان بە واژۆ کردووە، وەکو: مووچە و یاسای نەوت و گاز و ماددەی 140 و دادگەی دەستووریی بەڵام هیچی لێ جێبەجێ نەکراوە، بۆیە لە سیاسەتدا هیچ شتێکی بڕانەوە نییە، بەڵکوو هەوڵ هەیە، پێشتریش لەگەڵ حکوومەتەکانی دیکە داواکارییەکانمان لەگەڵ یەکتری واژۆ کردووە بەڵام هیچی لێ بەرهەم نەهاتووە، ئەمە هێزێکی ناوخۆی پێویستە پێشتریش بە یەکێتیی مان دەگوت، ئەگەر لەگەڵ یەکتر بەیەکەوە بچینە نێو هەڵبژاردنەکان دەبینە گەورەترین کوتلە لە هەموو عێراق.
پێشکەشکار: کۆبوونەوەی لوتکە لە پیرمام بەڕێوەچوو بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی جەخت لەم یەکڕیزی و یەک هەڵویستیە کرایەوە لە بەغدا، ئایا ئەمجارە لە بەغدا دەیبینین؟
هۆشیار زێباری: لەگەڵ یەکێتیی دوو بۆ سێ کۆبوونەوەی لوتکە لە نێوانمان بەڕێوەچوو، بریاربوو ئەم یەکڕیزییە لە بەغداش بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە بەڵام نەکرا.
پێشکەشکار: ئەم یەكڕیزییە دەبێت؟
هۆشیار زێباری: هیچ کاتێک بێ هیوا نابین، ئەگەر بیر لە بەرژەوەندییە گشتییەکانمان بکەینەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی زۆرینەیە لە پەرلەمانی بەغدا، ئەگەر بە زۆرینە حکوومڕانی بکەن، لایەنەکانی دیکە هیچ ڕۆڵیان نابێت، بەڵام عێراق بەمشێوەیە بەڕێوەناچێت و بەردەوام نابێت، ئەزموونی قووڵمان هەیە.
پێشکەشکار: ئەگەر حکوومەتی داهاتوو لەسەر هەمان ئەقڵیەتیی حکوومڕانی ڕژێمی بەعس بەڕێوەبچێت، چونکە هەندێک لایەنی بەشدار لە کۆڕبەندی مێپس باس لەوە دەکەن کۆنفیدراڵی باشترین بژاردەیە، ئەگەر دەستوور جێبەجێنەکرا؟
هۆشیار زێباری: ئەمە گۆڕانکارییەکی گەورە لەسەر بیرۆکەی سیاسی خەڵکی عێراق دێت، پێشتر لا مەرکەزییەت و ئۆتۆنۆمی و فیدراڵیش بۆ کورد قبووڵ نەدەکرا، بەڵام بەهۆی هەوڵ و تێکۆشانەکانی لایەنە کوردییەکان توانیمان ئەمە فەرز بکەین، کۆنفدراڵی یەکێلە بژاردەکانی ئێمە بیری لێ بکەینەوە، بەڵام مەرج نییە پێداگری تەنیا لەسەر یەک بژاردەکانمان بکەین.
پێشکەشکار: نوێنەری تایبەتی ترەمپ هاتووەتە عێراق؟
هۆشیار زێباری: نەخێر لەم ماوەیە نەهاتووەتە عێراق.
پێشکەشکار: ئەمە چ واتای هەیە، هاتنی باڵیۆز یان نوێنەر جیاوازی چی دەبێت بۆ عێراقی نوێ و داهاتوو؟
هۆشیار زێباری: دەستنیشانکردنی نوێنەری تایبەت مانای ئەوەیە سەرۆکی ئەمەریکا گرنگی زۆر بە بارودۆخی ئەو وڵاتە دەدات، ڕاستە باڵیۆزخانە و کونسوڵخانە هەن، بەڵام ئەمە ڕاستەوخۆ پێیان دەگاتەوە، هەر بۆ زانیاری تۆ و کوردستان24، پەیوەندی سەرکردایەتیی ئێمە لەگەڵ نوێنەری ترەمپ زۆرباشن و دانووستاندن پێشتر و ئێستاش هەیە، هاتووەتە هەرێمی کوردستان و پەیوەندی لەگەڵ عێراقییەکانیش هەیە؟
پێشکەشکار: رازییە بەو سیاسەتەی عێراق پەیڕەوی دەکات ؟
هۆشیار زێباری: هەر نوێنەرێک بێت سیاسەتی وڵاتەکەی جێبەجێ دەکات، بابەتەکە کەسی و حەز نییە، سیاسەتی ئەمەریکا بەرانبەر عێراق چۆنە، ئەوان پەیڕەوی دەکەن، بەڵام سۆزێکی هەیە چونکە خەڵکی ناوچەکەی ئێمەیە ، راستە لە ئەمەریکا گەورە بووە، بەڵام کاریگەری خۆی هەیە، چونکە لە کۆتاییدا ئێمە مرۆڤین.
پێشکەشکار: هەندێک گرووپی چەکدار لە عێراق هەن و کورسیان بەدەستهێناوە، لەوانەیە ئەمەریکا ئەمەی بەدڵ نەبێت، ئایا ئەمەریکا چ هەڵوێستێکی دەبێت؟
هۆشیار زێباری: ئێمە ناتوانین لە باتی ئەمەریکا قسە بکەین، ئاخۆ چ دەکات و بەتەمای چییە، بەڵام لە ئەنجامدا ئەمەریکا وڵاتێکی دامەزراوەییە و بەمشێوەیە کاردەکات، ڕاستە سەرۆکی وڵات کاریگەری هەیە، بەڵام سیاسەت و تێڕوانینی تایبەتی بەرانبەر عێراق هەیە، ئەو گرووپە چەکدارانەی هەن لە عێراق کاردەکەن، ئەمە لەلای ئەمەریکا قبووڵ کراو نییە، یاخود بچنە پێگەیەکی بەرزتری سیاسی بە تێروانینی من ئەمەش قبووڵکراو نابێت، بەڵام نازانم چی دەکات و بەرنەیان چ دەبێت، هەروەها ئەو وڵاتە هۆکاریان هەیە و هۆکاری زۆریشی هەیە، بەشێکیان دەبینین و بەشێکی دیکەشیان نابیندرێن.
پێشکەشکار: هێژا هۆشیار زێباری ئەگەر ئەمە پرسیاری کۆتایی بێت، پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بەیەکەوە گرێدراون؟
هۆشیار زێباری: نەخێر، دوو پرۆسەی جیاوازن، لە کاتەکەی چونکە ساڵی ڕابردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچووە، ئێمە زۆر زۆر دواکەوتووین، زۆر جێگای داخە، من لە نێوی دابوو، ئەو شتەی پێمانکرا هەوڵمان بۆی دا بۆ ئەوەی زوو پێکبهێندرێت ، بەڵام هەردوو پرۆسە بەیەکەوە گرێدراو نینە.
پێشکەشکار: زۆر سوپاسی ئێوەی بەڕێز دەکەم بۆ ئەو زەحمەتییەی لەگەڵ ئێمەتان کێشا.
