ترەمپ: کوڕەکەم هەوادارێکی سەرسەختی ڕۆناڵدۆیە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی تۆپی پێ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی تۆپی پێ

کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، ئەستێرەی تۆپی پێ، لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، سەردانی کۆشکی سپییان کرد و چاویان بە سەرۆکی ئەمەریکا کەوت.

سێشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2025، کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، ئەستێرەی تۆپی پێ، لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، لە کۆشکی سپی لە ئەمەریکا بەشداریی خوانێکی ئێوارەی کرد کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکاوە ساز کرابوو.

 دۆناڵد ترەمپ، بەر لە خوانەکە ڕایگەیاندبوو: "پێشوازیکردن لە ڕۆناڵدۆ کە بەهۆی ڕۆڵی بەرچاوی لە خولی تۆپی پێێ سعودیە، بووەتە ئایکۆنی سەرەکی بزووتنەوەی مۆدێرنسازی ئەو وڵاتە، مایەی شانازییە."

سەرۆکی ئەمەریکا، لەو دیدارەدا بە میوانانی گوت: کوڕەکەم  بارۆن هەوادارێکی سەرسەختی ڕۆناڵدۆیە، پێم وایە ئێستا کە چاوی بە ڕۆناڵدۆ کەوتووە، لەمە بەدوا زیاتر ڕێزی من ( باوکی) دەگرێت کە زەمینەی ئەو دیدارەم بۆ ساز کردووە."

ڕۆناڵدۆ لە ساڵی 2023، بە گرێبەستێکی خەیاڵی پەیوەندی بە خولی سعودیەوە کردووە و کاپتنی یانەی نەسرە کە لە ژێر چاودێری محەممەد بن سەلمان و لە لایەن سندوقی سەرمایەی نیشتیمانی سعودیەوە پاڵپشتی دارایی دەکرێت.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان، ئەم یاریزانە ساڵانە بڕی 200 ملیۆن دۆلارلە یانە سعودییەکە وەردەگرێت واتە زیاتر لە نیو ملیۆن دۆلار لە ڕۆژێکدا.

 ئەو یاریزانە پورتوگالییە لە حوزەیرانی ئەمساڵیشدا گرێبەستەکەی بۆ ماوەی دوو ساڵ و بە بڕی 400 ملیۆن دۆلار نوێکردەوە کە بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی بلومبێرگ، بەم گرێبەستە ڕۆناڵدۆ بووە بە یەکەمین یاریزانی ملیاردێر لە جیهان.

ئەمە یەکەمین سەردانی ڕۆناڵدۆیە بۆ ئەمەریکا لە دوای ساڵی 2016 ەوە کە لایەن ئافرەتیک بە ناوی کاترین مایۆرکا تۆمەتبار کرا بە دەستدرێژی سێکسی، بەڵام کریستیانۆ تۆمەتەکەی ڕەت کردەوە.

 
Fly Erbil Advertisment