پیتەر گالبرێت: کۆڕبەندی مێپس بە کۆکردنەوەی خەڵکانی شارەزای جیهانیی ئەرکێکی گرنگی بە جێ گەیاند
ئەندامێکی دەستی ئەمیندارانی زانکۆی ئەمەریکی - کوردستان لە دهۆک، گوتی: مایەی پێکەنینە کە دەوڵەتی عێراق لە ڕێگەی دادگایەکی نادەستوورییەوە بڕیاری یاسایی دەدات. هەروەها کۆڕبەندی مێپسیشی بە سەکۆیەکی گرنگ بۆ گفتوگۆی لێک تێگەیشتنی نێوان لایەنە ناوخۆییەکانی عێراق و تەنانەت دەرەوەی عێراقیش ناوبرد.
چوارشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2025، پیتەر گالبرێت، ئەندامی دەستی ئەمیندارانی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک، بۆ کوردستان24 گوتی: "کۆڕبەندی مێپس بە کۆکردنەوەی خەڵکانی شارەزای جیهانی و سەرکردە عێراقییەکان لەم دۆخە ناسەقامگیرەی ناوچەکەدا ئەرکێکی گرنگی بە جێ گەیاند و بوو بە پلاتفۆرمێکی گرنگ بۆ گفتوگۆی لێکتێگەیشتن لە نێوان چەندین لایەنی جیاواز.
گوتیشی: کۆڕبەندەکەوە سەرچاوەیەکی باشی فێربوونی بۆ گەنجان فەراهەم کرد، خەڵکیشی لە وردەکاری کێشە و گرفتەکان ئاگادار کردەوە، جگە لەوەی هۆکار بوو تا هەمووان پیشکەوتنی ناوازەی هەرێمی کوردستان ببینن.
گالبریت هەروەها دەڵێت: نەناردنی مووچەی هەرێم لە لایەن عێراقەوە نابەجێیە، هەموو ئەوەی حکوومەتی عێراق بەرانبەر هەرێم دەیکات مایەی پێکەنینە، چونکە لە ڕێگای دادگایەکی نادەستوورییەوە بڕیاری یاسایی دەدات.
هاوکات دەشڵێت: ئێستا کوردستان لەسەر رێڕەوی ڕاستەکەیە، دەبێت بە زووترین کات ئەنجوومەنی فیدراڵی عیراق دابمەزرێت بۆ ئەوەی نوێنەرایەتیی پارێزگاکان بکات.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، گالبرێت ئاماژەی بەوە کرد، هاتنی مەزڵووم عەبدی و کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەری ئەنەکەسە ڕووداوێکی گرنگ بوو کە بە هەوڵی بەرچاوی سەرۆک نێچیرڤان و سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ئەنجام درا.
لە بارەی دۆخی سووریا، گالبرێت گوتی، دەبێت خەڵکی سووریا بە هەموو پێکهاتەکانیانەوە بڕیار لە سووریا بدەن نەک ئەمەریکا و ئیسرائیل و تورکیام ئەمەش تەنیا گەرەنتی مافی کەمینەکان و پێکهاتە جیاوازەکانی سووریایە.
