ڕێکخراوی ڕزگارکردنی منداڵان: ساڵی ڕابردوو هەزاران منداڵ بوونەتە قوربانی

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20ـی تشرینی دووەمی 2025، ڕێکخراوی "ڕزگارکردنی منداڵان" ڕاپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە تێێدا هاتووە، ساڵی ڕابردوو ژمارەیەکی زۆر منداڵ لەو ناوچانەی شەڕی تێدایە بە تەقەمەنی کوژران و برینداربوون.

ڕێکخراوە بەریتانییەکە بە پشتبەستن بە ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، لە ساڵی ڕابردوودا نزیکەی 12 هەزار منداڵ لە شەڕ و جەنگەکانی جیهاندا کوژراون و برینداربوون. ئەمەش بەرزترین ئامارە لەوەتەی لە ساڵی 2006ەوە تۆمارکردن دەستیپێکردووە.

منداڵانی ئەو ناوچانەی جەنگی تێدابووە زیاتر هەڕەشەی مردنیان لەسەر بووە بەهۆی بەدخۆراکی و نەخۆشی یان داڕمانی کەرتی تەندروستی.

ڕێکخراوی ڕزگارکردنی منداڵان ئاشاکراشی کرد، لەگەڵ سەرهەڵدانی ململانێکان، وەک شەڕی کەرتی غەززە، سوودان و ئۆکرانیا، زیاتر منداڵان دەبنە قوربانی بەهۆی بۆمباران و بۆردوومانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە بەر نەخۆشخانە و قوتابخانە و ناوچەی نیشتەجێبوون دەکەون، 

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوەکەی منداڵان، زیاتر لە 70%ی ئەو منداڵانەی لە ساڵی 2024، لەو ناوچانەی جەنگی تێدابووە و کوژراون، بە تەقەمەنی وەک مووشەک و نارنجۆکی دەستی کوژراون، لە کاتێکدا لە ماوەی ساڵانی 2020 تا 2024 بە تێکڕای 59% بووە.

نارمینا سترێشینیچ، بەرپرسی ڕێکخراوەکە ڕایگەیاند، "جیهان شاهیدی لەناوبردنی بە ئەنقەستی منداڵانە و بەڵگەکانیش دیارن و ناتوانرێت نکۆڵی لێبکرێت."

ئاماژەی بەوەشکرد، " لە شەڕەکانی ئەمڕۆدا منداڵان زۆرترین باج دەدەن، مووشەکەکان لەو شوێنانە دەکەونە خوارەوە کە منداڵان تێیدا دەخەون و یاری دەکەن و فێردەبن، ئەو شوێنانەی کە بڕیارە سەلامەتترین بن، وەک ماڵ و قوتابخانەکانیان، دەبێتە شوێنی مردنیان."

پۆڵ ڕیفلی، ڕاوێژکاری پزیشکی فریاگوزاری منداڵان، دەڵێت، "منداڵان زیاتر لە گەورەکان ڕووبەڕووی چەکی تەقەمەنی دەبنەوە".

ئەو شەر و جەنگانەی لە ساڵی 2024دا، زۆرترین قوربانیی منداڵانی لێکەوتووەتەوە، لە غەززە، کەناری ڕۆژئاوای غەززە، سوودان، بۆرما، ئۆکرانیا و سووریا بووە. هەروەها زۆرترین منداڵیش لەکەرتی غەززە کوژراوە.

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment