عێراق یەکێکە لە خراپترین وڵاتەکان بۆ پاراستنی مافی منداڵان

بە گوێرەی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، عێراق یەکێکە لە خراپترین وڵاتەکان بۆ پاراستنی مافی منداڵ، چوارەم وڵاتی عەرەبییە لە دوای سودان و فەڵەستین و میسر، کە زۆرترین منداڵ لە خوار تەمەنی 18 ساڵییەوە کار دەکەن، بە گوێرەی ئامارەکانی ڕێکخراوی پاراستنی مافەکانی منداڵ، بەغدا لە پێشەنگی پارێزگاکانی عێراق دێت، کە منداڵان لە خوار تەمەنی یاسایی و بێ چاودێری لە شوێنە گشتیەکان کاردەکەن. 

بە هۆێ بێکاری و هەژاری خێزنە عێراقییەکان، بەشێک لە منداڵەکانیان، تەمەنی منداڵیان بە کارکردن لە نێو بازاڕەکان بەسەر دەبەن، بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق، نزیکەی یەک ملیۆن منداڵی عێراقی لە خزمەرگوزاری خوێندن و تەندروستی بێ بەشن. 

پێچەوانەی پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، لە هەرێمی کوردستان، گرنگیەکی زۆر بە مافەکانی منداڵان دراوە، لە ڕووی مافی پەروەردە و خوێندن، تەندروستی و دابین کردنی مافەکانی دیکەی منداڵان، هەر لە قۆناغی داینگە و سەرەتاییەوە، سەرجەم پێداویستییەکانی منداڵان دابین دەکرێت. 

حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردەوام جەخت لەوەدەکاتەوە، لە نێو کۆمەڵگا و خێزان و ناوەندە پەروەردەییەکانیش دەبێت مافی منداڵان پارێزراو بێت. 

لە تەمەنی چوار ساڵییەوە منداڵانی هەرێمی کوردستان، بە مافەکانی خۆیان ئاشنا و پەروەردە دەکرێن، دەسپێکی ژیانی کۆمەڵایەتی، لە داینگە و باخچەی منداڵانەوە دەست پێدەکات، لە هەولێر، جگە لە ناوەندە نا حکوومەییەکان، زیاتر لە 50 داینگەی حکوومی بۆ منداڵانی تەمەن چوار ساڵ هەیە، لە لایەن وەزارەتی پەروەردەوە چاودێری و سەرپەرشتی دەکرێن، لەو تەمەنەوە منداڵان ڕادەهێنرێن و ئامادە دەکرێن، بۆ قۆناغی یەکەمی بنەڕەتی. 

نەریمان ئەحمەد، بەڕێوەبەری داینگەیە، دەڵێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی زۆری بە باخچەی ساوایان داوە لە ڕووی دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندن، هەروەها بودجەی ساڵانەی بۆ باخچەکان دابین کردووە، هاوکات مامۆستای پسپۆڕ بۆ داینگە و باخچەکان دابینکراوە کە گرنگی زۆر بە پەروەردەی منداڵان دەدەن، هەروەها منداڵان فێری زمانی جیاواز دەکرێن و گرنگی بە بواری وەرزش دەدرێت. 

پەروەردە لە ساڵانی یەکەمی ژیاندا کە چالاکی و گۆڕانکاری خێرای تیادا ڕوودەدات، بە یەکێک لە بنەماکانی پەرەسەندنی کۆمەڵگا ناودەبرێت، دوای بنەماڵە و خێزان، ناوەندەکانی خوێندن ڕۆڵی سەرەکیان هەیە لە پەروەردە کردنی منداڵان.

ئیخلاس سادق، مامۆستای باخچەی منداڵان، دەڵێت، پەروەردە لە بنەماڵەکانەوە دەست پێدەکات، لە باخچە و قوتابخانەکاندا پەرەی پێدەدرێت، کەواتە منداڵ بەم سێ قۆناغەدا تێدەپەڕێت، لە هەرێمی کوردستان گرنگی زۆرمان داوە بە پەروردەی منداڵان، ئەمەش هۆکاربووە کە ئێمە جیاواز بین لە گەڵ پارێزگاکانی دیکەی عێراق.

لە هەرێمی کوردستان پلانی تایبەتی و گشتی هەیە، بۆ پەروەردەکردن و دەستەبەرکردنی مافەکانی منداڵان، هاوکات ئاشنا کردنیان بە ئەرک و مافەکانیان. 

 

 

Fly Erbil Advertisment