کارمەندانی تەندروستی لە دیاربەکر داوای زیادكردنی بودجه‌ی ته‌ندروستی ده‌كەن

سەندیکای کرێکارانی خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتیی و تەندروستی لە دیاربەکر لە بەردەم نەخۆشخانەی مەشق و توێژینەوەی گازی یاشارگیل گردبوونەوە.

نوێنەرانی کارمەندانی چاودێری تەندروستی ئاماژەی بەوە دەکەن، کۆتایی بە شەڕ و ململانێکان هاتووە و پێویستە لە بودجەی 2026 گرنگی زیاتر بە کەرتی تەندروستی بدرێت.

محەممەد نوور، هاوسەرۆکی سەندیکای کرێکارانی تەندروستی و خزمەتگوزاری  کۆمەڵایەتیی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ماوەیەکی زۆر بودجەی تورکیا بۆ شەڕ خەرج دەکرا، بەڵام وەک دەبینرێ شەڕ و ململانێکان وەستاون، ئەمە دەرفەتێکە بۆ تورکیا بۆ ئەوەی بودجەی تەندروستی زیاد بکات.

شەنگوڵ قارەمان، بەڕێوەبەری سەندیکای کرێکاران گوتی: پێویستە باجی قورس لەسەر کرێکاران هەڵبوەشێنرێتەوە، دەرمانی گرانبەها بۆ نەخۆشییە سەختەکان لەلایەن دەوڵەتەوە بۆ نەخۆشەکان دابین بکرێت، خزمەتگوزاری تەندروستی بە زمانی دایک و بێ بەرانبەر دابین بکرێت. 

هەروەها ئاماژەی بەوە دا، بارگرانی لەسەر کارمەندانی تەندروستی زۆرە و داهاتیان بەشی پاڵپشتیکردنیان نییە، پیویستە بارودۆخی کارکردنیان باشتر بکرێت  و کەرتی تەندروستی نابێت کەرتی بازرگانی بێت بۆ کۆمپانیاکان.

لە بودجەی ساڵی 2025دا، ترلیۆنێک و 20 ملیار بۆ وەزارەتی تەندروستی لە تورکیا تەرخانکراوە.

 

Fly Erbil Advertisment