کۆمیسیۆن: زیاتر لە 800 تانە لە ئەنجامی هەڵبژاردن دراوە

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕایگەیاند: ماوەی یاسایی بۆ تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردن کۆتایی هات، هەورەها لەو ماوەیەی دیاریی کرابوو زیاتر لە 800 تانە لە ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دراوە.

پێنجشەممە، 20ـی تشرینی دووەمی 2025، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ژمارەی ئەو تانانەی لە ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دراون، گەیشتوەتە زیاتر لە 800 تانە.

باسی لەوەش کرد، ئەمڕۆ تا کاتژمێری کۆتایی دەوامی فەرمی، بەردەوام تانەمان بۆ نێردراوە.

بە پێی ڕاگەیەندراوەکەی کۆمیسیۆن، دوایی یەکلاییکردنەوەی تانەکان، لە سەرەتای مانگی داهاتوو ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن ڕادەگەیەدرێت.

 جومانە غەلای گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20ی تشرینی دووەمی 2025، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، پێویستە کۆمیسیۆن دوای تەواوبوونی ماوەی تانەدان، لە حەوت ڕۆژدا ڕاپۆرتی خۆی ئامادە بکات، پاشان  دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکان پێویستە بە کەمتر لە 10 ڕۆژ ئەنجامی کۆتایی پەسەند بکات و ڕابگەیەنرێت.

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی 2025  ئەنجامدرا و ڕێژەی بەشداری لە سەرانسەری عێراق لە دەنگدانی گشتی بریتی بوو لە 54.35% و ڕێژەی بەشداری لە دەنگدانی تایبەتیش 82.42% بوو. ڕۆژی 17ی تشرینی دووەمی 2025 کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی ڕاگەیاند.

 
Fly Erbil Advertisment