دەم پارتی: کۆڕبەندی مێپس پەیامی گرنگی بۆ تورکیا تێدابوو
گوتەبێژی دەم پارتی بە بایەخەوە باسی کۆڕبەندی مێپس دەکات و هەروەها داوا لە دەسەڵاتدارانی تورکیا دەکات پەیامەکانی کۆڕبەندەکە بەهەند وەربگرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20ـی تشرینی دووەمی 2025، ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی ڕایگەیاند، لەدهۆک کۆڕبەندێکی زۆر گرنگ بەڕێوەچوو، لەلایەن توێژە جیاوازەکانەوە بە وردی و لەنزیکەوە چاودێر کرا، پەیامی زۆر گرنگ دران بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەست بوون بە تورکیا، ئەم بابەتە لە کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی دەم پارتیییەوە تاوتوێکرا.
ئایشە گوڵ گوتی:بەشداریکردنی سەرۆک بارزانی و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەروەها مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد گرنگی زۆری هەبوو، چەندین پەیامی گرنگی لەخۆ گرتبوو تایبەت بە تورکیا هیوادارین تورکیا بە بایەخەوە لەم پەیامانە نزیک بێتەوە، بەتایبەتی پەیامی هاورێیانی رۆژئاوا.
سێشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2025، شەشەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس) لە زانکۆی ئەمەریکی- کوردستان لە دهۆک، دەستی پێکرد.
ئامانجی سەرەکی مێپسی ئەمساڵ، تاوتوێکردنی ململانێ و ئالنگارییەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، لەگەڵ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی درێژخایەن و بەدەستهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا. چاوەڕوان دەکرێت گفتوگۆکان تیشک بخەنە سەر دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتیی، لەگەڵ ڕوانینێک بۆ ئاسایشی گشتیی و سەقامگیری ناوچەکە.
دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 وەک سپۆنسەری میدیایی کۆڕبەندەکە، لەماوەی ڕۆژانی بەڕێوەچوونیدا، ڕووماڵی کارەکانی کۆڕبەندی مێپس 2025 دەکات.
