میلانیا ترەمپ: ژیریی دەستکرد شێوازی جەنگەکانی داهاتوو دەگۆڕێت
میلانیا ترەمپ، خانمی یەکەمی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، هۆشداریدا لەوەی ژیریی دەستکرد دەبێتە پرسێکی سەرەکی و ئامرازی یەکلاکەرەوەی جەنگەکانی ئایندە و گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە هونەری جەنگدا، دروست دەکات.
لە میانی سەردانێکیدا بۆ بنکەی سەربازیی کامپ لیجۆن لە ویلایەتی کارۆلینای باکوور، میلانیا ئاماژەی بەوە کرد، تەکنەلۆژیا بە شێوەیەکی بنەڕەتی چەمک و هونەری جەنگ دەگۆڕێت، بە بڕوای ئەو، پێشبینی دەکرێت کاریگەریی و دەرهاویشتەکانی ژیریی دەستکرد لەسەر شێوازی جەنگەکان، زۆر لە کاریگەریی داهێنانی چەکی ئەتۆمی قووڵتر و بەرفراوانتر بێت.
خانمی یەکەم ڕوونیکردەوە، گەورەترین گۆڕانکاری لە فاکتەری خێراییدا ڕوودەدات، بەو واتایەی خێرایی چەکەکان، خێرایی لە بڕیاردان، توانای ئاشکراکردنی ئامانجەکان و تەنانەت خێرایی لە هێرشبردن و بەرگریکردندا دەگاتە ئاستێکی پێوانەیی کە پێشتر نەبینراوە.
سەبارەت بە ڕۆڵی مرۆڤ لەم هاوکێشە ئاڵۆزەدا، میلانیا ترەمپ جەختی لەوە کردەوە، ژیریی دەستکرد دەبێتە ناوەندی گۆڕەپانی جەنگ و لە ئێستاشدا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێزەکانی مارێنز وەک کۆڵەکەی سەرەکیی سەرکەوتن لە هەر ئەرکێکدا دەمێننەوە، بە گوتەی ئەو، ئێستا قۆناغی گواستنەوە لە مرۆڤی جێبەجێکارەوە بۆ مرۆڤی سەرپەرشتیار دەستی پێکردووە و وەرچەرخان لە سەربازەوە بۆ ئامێرەکان خەریکە دەبێتە ئەمری واقیع.
شایانی باسە ئەم لێدوانانە لە میانەی سەردانێکی هاوبەشی میلانیا ترەمپ و ئوشا ڤانس، هاوسەری جێگری سەرۆکی هەڵبژێردراو هات بۆ بەسەرکردنەوەی هێزەکان و خێزانەکانیان بە بۆنەی نزیکبوونەوەی وەرزی پشووەکان، کە تێیدا وتاریان پێشکەش کرد و دیداریان لەگەڵ خێزان و منداڵانی سەربازەکان ئەنجام دا.
