پڕکردنەوەی فۆڕمی ئەلیکترۆنی خۆراک ڕاگیرا و سەرەتای مانگی داهاتوو جارێکی دیکە کارا دەکرێتەوە
سیامەند قادر نانەکەلی، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر بە کوردستان24 ـی راگەیاند: لە شەوی رابردوو کاتژمێر 12 ـی شەو، پڕکردنەوەی فۆڕمی ئەلیکترۆنی خۆراک ڕاگیرا، بەڵام سەرەتای مانگی 12 جارێکی دیکە کارا دەبێتەوە و تایبەتمەندییەکانی ناو گۆڕین و زیادکردنی ناوی منداڵیش زیاد دەکرێن.
سەبارەت بە وەستاندنی سیستەمەکە بۆ ماوەی سێ رۆژ، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر گوتی: وەزارەتی بازرگانی عێراقییان لە کێشەکە ئاگادار کردووەتەوە و پێیان ڕاگەیاندوون کێشەکە لە زۆرینەی شارەکان هەیە و پەیوەندی بە سیستەمی پارەدانی دیجیاڵی لە بانکی ناوەندییەوە هەبووە.
ئاشکراشی کرد، سەرەتای ساڵی نوێ تایبەتمەندییەکانی هاوسەرگیری و گواستنەوە لەناو فۆڕمی ئەلیکترۆنی خۆراک کارا دەکرێن. سیامەند نانەکەلی، راشیگەیاند: سەرقاڵی کرینی پێداویستییەکانن بۆ ئەوەی لەمەودوا داتا و ئامارەکانی تایبەت بە پڕکردنەوەی فۆڕمی خۆراک لە هەولێر تۆمار بکرێن و چیدیکە پێویست نەکات رەوانەی بەغدای بکەن.
