بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر: پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاو وەرچەرخانێکی گەورەیە
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاو، وەرچەرخانێکی گەورەیە بە ئاراستەی باشترکردنی کواڵێتیی ئاو و ژیانی دانیشتووانی پایتەخت، هاوکات ڕێگرییەکی بنەڕەتییە لە بەفیڕۆدانی ئاوی ژێرزەوی.
ڕابەر حوسێن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان 24 ئاشکرای کرد، پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر توانایەکی بەرزی هەیە و لە ئێستادا نزیکەی 7 هەزار و 500 مەتر سێجا ئاوی خاوێن بۆ شارەکە دابین دەکات، ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر باشبوونی دۆخی ئاو هەبووە.
پاراستنی ئاوی ژێرزەوی
یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئەم پڕۆژەیە، وەک ئەوەی بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر ئاماژەی پێ داوە، پاراستنی سامانی ئاوە، ناوبراو ڕوونی کردەوە: ئەو پڕۆژە پیشەسازییانەی پێشتر بۆ کارەکانیان پشتیان بە لێدانی بیر و ئاوی ژێرزەوی دەبەست، ئێستا بە ڕێژەی 100% گواستراونەتەوە سەر پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرا و ئاوی خاوێنیان بۆ دابین کراوە، ئەم هەنگاوەش بە دەسکەوتێکی ژینگەیی و ستراتیژی دادەنرێت بۆ پاراستنی ئاوی ژێرزەوی لە وشکبوون.
فراوانبوونی تۆڕەکان
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، ڕابەر حوسێن باسی لەوە کرد، تیمەکانیان بەردەوامن لە فراوانکردنی خزمەتگوزارییەکان و جەختی کردەوە: کارکردن لەسەر بەستنەوەی تۆڕەکانی ئاو لەناو شاری هەولێر بە چڕی بەردەوامە و تا ئەم ساتە توانراوە نزیکەی 330 کیلۆمەتر تۆڕی نوێی ئاو دابنرێت، ئەمەش تۆڕی دابەشکردنی ئاو لە گەڕەکەکان بەهێزتر دەکات.
