بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.7 پلەی ڕیختەر ناوەڕاستی بەنگلادیشی هەژاند

بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.7 پلەی رێختەر ناوەڕاستی بەنگلادیشی هەژاند و بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی تەندروستی بەنگلادیش، سێ کەس گیانیان لەدەستدا و دەیان کەسیش بریندارن.

ئەمڕۆ هەینی 21ی تشرینی دووەمی 2025، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.7 پلەی ڕێختەر ناوەڕاستی بەنگلادیشی هەژاند و بەگوێرەی ئامارێکی سەرەتایی وەزارەتی تەندروستی بەنگلادیش، لانیکەم سێ کەس گیانیان لەدەستدا و دەیان کەسیش برینداربوون.

 وەزارەتی تەندروستی بەنگلادیش ڕایگەیاند، دەیان کەس لە ئەنجامی بوومەلەرزەکە برینداربوون و لەناو قوربانییەکاندا سێ قوتابی کۆلێژی پزیشکی لە گەڕەکی ئەرمانیتۆلای دەوروبەری داکا هەبوون، بەڵام تا ئێستا وردەکاری زیاتر نەخراوەتە ڕوو.

بەگوێرەی دەستەی ڕووپێوی جیۆلۆجی ئەمەریکی، بوومەلەرزەکە، کاتژمێر 4:38 بە کاتی لەندەن، لە نزیک شاری نارسینگدی ڕوویداوە، کە بە دووری نزیکەی 30 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی داکای پایتەختی بەنگلادیش، ئەگەری زیادبوونی ژمارەی قوربانیانیش هەیە.

لەلایەکی دیکەوە، دەزگاکانی چاودێری کەشوهەوای بەنگلادیش هەواڵیان لە بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.7 پلە داوە، کە ناوەندەکەی لە شاری مەبهابدی لە پارێزگای نارسینگدی دیاریکردووە، کە ماوەی 26 چرکە بەردەوام بووە.

بوومەلەرزەکە لە کاتێکدا ڕوویدا کە بەشێکی زۆری دانیشتووان لە ماڵەکانیاندا بوون لە ڕۆژی هەینیدا، کە ڕۆژی پشووی هەفتانەیە لەم وڵاتە 170 ملیۆن کەسییە.

بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەری سەنتەری بوومەلەرزەی هیندستان، کاریگەری  بوومەلەرزەکە گەیشتووەتە شاری کەلکەتە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی هیندستان، بە دووری نزیکەی 300 کیلۆمەتر لە داکاوە. 

ئاژانسی فرانس پرێس ڕایگەیاند:لە گەڕەکی سۆڵت لەیک سیتی کە ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیا تەکنەلۆژییە ناوخۆییەکانی تێدایە، ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووان بە پەلە نووسینگە و ماڵەکانیان چۆڵکردووە.

بەنگلادیش زۆرجار ڕووبەڕووی بوومەلەرزە دەبێتەوە، بەڵام دوایین بوومەلەرزەی بەهێز کە لەم وڵاتەدا ڕوویداوە، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1896.

 
Fly Erbil Advertisment