زاخارۆڤا: هیچ پەیامێکمان بەدەست نەگەیشتووە، بەڵام ئامادەی دانوستانین

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕەتی دەکاتەوە، هیچ نەخشە ڕێگایەکیان لەبارەی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا لە لایەن ئەمەریکاوە پێگەیشتبێت، هاوکات ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ دانوستان لەو بارەوە پیشاندا.

دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ و ئەو نەخشە ڕێگەیەی کە لە 28 خاڵ پێکهاتووە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکراینا، بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا، ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە لێدوانێکی تایبەت بە کوردستان 24ـی ڕاگەیاند، ئەو زانیارییانەی لە میدیاکانەوە بڵاوبوونەتەوە، ئەوان بەشێوەی فەرمی هیچیان بەدەست نەگەیشتووە گوتیشی، پێویستە سەرقاڵی ئەو پێشنیازانە بین کە لەسەر مێزی دانوستان ئامادەن.

ماریا زاخارۆڤا دووپاتیشی کردەوە، وەک وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا هیچ نەخشەڕێگایەکییان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ پێنەگەیشتووە، هاوکات ئامادەیی ڕووسیا بۆ بەردەوامیدان بە دانوستانەکان پیشان دا.

هەروەها ئەمڕۆ هەینی سەرکردەکانی فەرەنسا و بەریتانیا داوایان کردبوو، دەبێت لە پلانی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا، ڕەچاوی بەرژەوەندییەکانی ئەورووپا و ئۆکرانیا بکرێت و لە پرۆسەکە بەشدارییان پێ بکرێت.

هاوکات ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، لەو بارەوە لە زاری سەرچاوەیەک بڵاوی کردووەتەوە، پلانە ڕەشنووسەکەی ئەمەریکا بەبێ بەشداری ئۆکرانیا و ئەورووپا ئامادە کراوە، کە بەشێکی زۆری داواکارییەکانی ڕووسیا جێبەجێ دەکات لە وانەش دەستبەرداربوونی ئۆکرانیا لە هەندێک ناوچە، کەلوپەلی سەربازی و کەمکردنەوەی قەبارەی سەربازی ئەو وڵاتە.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment