زەحمەتکێشانی کوردستان: سەپاندنی سیاسەتی زۆرینە و كەمینە بە مەترسی دەزانین

راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە

K24- هەولێر:

بەڵێن عەبدوڵا، سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لەبارەی رووداوەکانی پەرلەمانی بەغدا بڵاویکردەوە، بەپێی دەستووری عێراق دەبێ هەموو ئەو یاسا و بڕیارانەی لە لایەن پەرلەمان و حكومەتی عێراق دەردەچن، پێویستە بنەماكانی هەرسێ پرنسیپی شەراكەت و تەوازن و تەوافوق رەچاو بكرێن و لەبەر چاوبگیرێن.

ئاماژەی بەوەکردووە، لێرەدا ئەوەی ئێمە نیگەران دەكات و بە مەترسی دەزانین لە ئێستاو ئایندە ئەو پاشگەزبونەوەیە لە پرنسیپەكانی دەستور و سەپاندنی سیاسەتی زۆرینە و كەمینەیە، لە یەكلاكردنەوەی كێشەكان و دەرچواندنی یاساكان و بڕیارەكان و ئیدارەدانی دەوڵەت. ئێمە ئەوە بە هەڕەشەیەكی گەورە دەزانین لە سەر ئایندەی گەلی كوردستان لە عێراق.

دەقی راگەیەندراوەکە:

راگەیاندراوێك لە سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستانەوە

بەپێ ی دەستووری عێراق دەبێ هەموو ئەو یاساو بڕیارانەی لە لایەن پەرلەمان و حكومەتی عێراق دەردەچن، پێویستە بنەماكانی هەرسێ پرنسیپی شەراكەت و تەوازن و تەوافوق ڕەچاو بكرێن و لەبەر چاوبگیرێن.
لە دوای ڕوخانی ڕژێمی صدام لە ساڵی (2003) پاشان نوسینەوەی دەستور لە ساڵی (2005) تا ئێستا بە بەردەوامی دەسەڵاتدارانی عێراق ئەو پرنسیپانەیان لە بەرچاو نەگرتووە و پێشێلیان كردووە، دواجار لە شەوی 10-/11/11/ 2020پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە یەكلاكردنەوەی یاسای قەرز، پەنای بردە بەر پرنسیپی زۆرینە و كەمینە، هەرچەندە فراكسیۆنە كوردستانیەكان هەوڵێكی زۆریاندا و دواجار بایكۆتی دانیشتنی پەرلەمانیان كرد، بەڵام ئەوان سوربوون لەسەر تێپەڕاندنی یاساكە بەدەنگی زۆرینە و كەمینە .
لێرەدا ئەوەی ئێمە نیگەران دەكات و بە مەترسی دەزانین لە ئێستاو ئایندە ئەو پاشگەزبونەوەیە لە پرنسیپەكانی دەستور و سەپاندنی سیاسەتی زۆرینە و كەمینەیە،لە یەكلاكردنەوەی كێشەكان و دەرچواندنی یاساكان و بڕیارەكان و ئیدارەدانی دەوڵەت. ئێمە ئەوە بە هەڕەشەیەكی گەورە دەزانین لە سەر ئایندەی گەلی كوردستان لە عێراق .
ئێمە لە حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان داوادەكەین ، سەرۆكایەتی كۆمار – سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان – پەرلەمانی كوردستان و فراكسیۆنەكوردستانیەكانی پەرلەمانی عێراق – حكومەتی هەرێم و وەزیرە كوردەكان لە حكومەتی عێراق – هەروەها لایەنە سیاسیەكانی كوردستان ، ئەو بابەتە بە جدی وەربگرن و دیراسەی بكەن و بە یەكگرتوویی ڕووبەڕوی ئەو سیاسەت و عەقڵیەتە شۆڤێنیانەببنەوە كە دەیەوێ لە ڕێگەی سیاسەتی زۆرینە و كەمینەبڕیارەكانی خۆیان بەسەر هەرێمدا بسەپێنێ و بێ ئیرادەی بكەن . هەروەها پێویست دەكات هەموو لایەك لە ئاستی بەرپرسیارەتیدابین لەم قۆناغە دژوارو چارەنوسازە و هەموو ئەو تەحەدیانەی لە پێشماندایە

بەڵێن عەبدوڵا
سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
12/11/2020