ڕوونکردنەوەی بەڕێوەبەری کارەبای دیمەشق بۆ کوردستان24 لەبارەی گرانبوونی کارەبا

لە دیمەشقی پایتەختی سووریا، جارێکی دیکە نرخی کارەبا بەرز کرایەوە. ئەم زیادبوونە، ناڕەزایەتییەکی زۆری خەڵکی لێکەوتووەتەوە و بارگرانییەکی گەورەی خستووەتە سەر هاووڵاتییان.

بەرزکردنەوەی نرخەکە بە شێوەیەکی بەرچاو بووە، بە تایبەت بۆ بەشێکی زۆری هاووڵاتییان شەش هێندە زیاد کراوە. باری ئابووریی گشتیی سووریا خۆی خراپە، زیادبوونی نرخی کارەباش کاریگەری نەرێنیی گەورە لەسەر ژیانی خەڵک دروست دەکات.

هاووڵاتییەکی دیمەشق بە ناوی محەممەد یوسف، بە ئەنوەر عەبدوڵڵەتیف، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "بەرزکردنەوەی نرخی کارەبا، بە شێوەیەکی نادروست ئەنجام دراوە. دۆخی سووریا خراپە. پێویستە حکوومەت مووچە زیاد بکات، نەک نرخی کارەبا بەرز بکاتەوە. ئەرکی حکوومەتە بە هانای هاووڵاتییانەوە بچێت و مووچەی کارمەندانی باش بکات."

خالید ئەبودی، بەڕێوەبەری کارەبای دیمەشق بە پەیامنێری کوردستان24ـی گوت، بڕیارەکە لە چوارچێوەی پلانی دووبارە ڕێکخستنەوەی کەرتی وزە دێت. ئامانجی ئەم پلانە کەمکردنەوەی زیانەکان و دابینکردنی بەردەوامیی خزمەتگوزاریی وزەیە. ئاماژەی بەوەش کرد، نرخی نوێ نزیک دەبێتەوە لەو خەرجییانەی حکوومەت بۆ دابینکردنی کارەبا دەیکات.

ئەم بارودۆخە ژیانی زۆر کەس قورستر دەکات و ناڕەزایەتی بەردەوامە. هاووڵاتییان داوا لە حکوومەت دەکەن لە بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی کارەبا پاشگەز بێتەوە، داواکانی خەڵک جێبەجێ بکات یان دۆخی ژیان باشتر بکات.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment