بەکارهێنانی کارەبای 24 کاتژمێری لە زستاندا بەڕێژەی 20% بەرز دەبێتەوە

پرۆژەی ڕووناکی ئاگاداری هاووڵاتیان دەکاتەوە، زۆرینەی ئەو ماڵانەی لە پرۆژەی ڕووناکی (کارەبای 24 کاتژمێری) سوودمەندبوون، لە وەرزی زستانەدا پاڵپشتیەکانی حکوومەت نایانگرێتەوە. چونکە ڕێژەی بەکارهێنان لە 20% بەرز دەبێتەوە.

پرۆژەی ڕووناکی بڵاویکردەوە، زۆرترین بڕی بەکارهێنانی کارەبا لە وەرزی زستاندایە نەک لە وەرزی هاوین.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هۆکاری سەرەکی بەکارهێنانی کارەبای زۆر لە وەرزی زستاندا، بۆ کارپێکردنی زۆری ئامێرەکانی گەرمکەرەوە و بۆیلەر دەگەڕێتەوە، ڕوونیشی دەکاتەوە، بەکارهێنانی کارەبا لە مانگەکانی زستاندا بەراورد بە مانگەکانی دیکەی ساڵ، بەڕێژەی لە 20% بەرز دەبێتەوە.

پرۆژەی ڕووناکی ئەوەشی ئاشکرا کردووە، زۆرینەی ئەو ماڵانەی لە پرۆژەکە سوودمەندبوون، لە وەرزی زستان پاڵپشتیەکانی حکوومەت نایانگرێتەوە، بۆیە دەبێت هەموومان دەست بە بەکارهێنانیەوە بگرین. 

پڕۆژەی ڕووناکی، پڕۆژەیەکی نیشتمانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە کە تیایدا کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هەموو هەرێمی کوردستان تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2026 دابین دەكات.

یەکێک لە گرنگترین دەستکەوتەکانی پڕۆژەی ڕووناکی بریتییە لە کوژاندنەوەی مۆلیدەی گەڕەکەکان کە ژمارەیان دەگاتە نزیکەی 7000 مۆلیدە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان. ئەم مۆلیدانە پێشتر هۆکارێکی سەرەکیی پیسبوونی ژینگە بوون لە کوردستاندا.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment