بەوێنە... تێکدانی پێنج شوێنی حەوانەوەی چەکدارانی داعش لە کەرکووک
شوێنی خەوتنیان لەنێو عەرەبانەی کشتوکاڵی بووە
K24 - هەولێر
پۆلیسی فیدراڵی ئۆپەراسیۆنێکی بەدواداگەڕان و پاککردنەوەی لە زنجیرە چیاکانی دۆڵان لە پارێزگای کەرکووک ئەنجامدا و چەند شوێنێکی حەوانەوەی چەکدارانی داعشی دۆزییەوە و تێکدا.
پۆلیسی فیدراڵی لە راگەیەندراوێکدا دوێنێ (شەممە، 14-11-2020) ئاشکرای کردووە، یەکەی پێنجی پۆلیسی فیدراڵی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی بۆ پاککردنەوەی زنجیرە چیاکانی دۆڵان لە قەزای داقووقی پارێزگای کەرکووک ئەنجامدا.
بەپێی راگەیەندراوەکە، ئۆپەراسیۆنەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ لیوای 20، دەستەی ئەندازەی مەیدان و هەواڵگری بووە، هەروەها فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیشی تێدا بەکارهاتووە.
لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەدا وەکو لە راگەیەندراوەکە ئاشکرا کراوە و چەند وێنەیەکیشی لەلایەن پۆلیسی فیدراڵییەوە بڵاوکراوەتەوە؛ سێ شوێنی حەوانەی چەکدارانی داعش لەگەڵ دوو عەرەبانەی کشتووکاڵی کە پێخەف و شوێنی حەوانەی چەکدارانی داعشیان تێدا بووە، دۆزراونەتەوە، دواتر لەنێوبراون.




هـ.ر.