بارانبارین دەست پێدەكاتەوە
كەشوھەوای ھەرێمی كوردستان
K24 - ھەولێر
بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی كوردستان، پێشبینیەكانی بۆ 48 كاتژمێری كەشوھەوا راگەیاند بەگوێرەی پێشبینیەكان ئەمڕۆ ئاسمانی ناوچەكانی ھەرێمی كوردستان لە ساماڵەوە دەگۆڕێت بۆ پەڵە ھەور و پاشان نیمچە ھەور.
لەبارەی كەشوھەوای سبەی كەشناسی پێشبینی دەكات، لە ئەنجامى درێژبوونەوەى کاریگەرى نزمە پاڵە پەستۆى دەریاى ناوەڕاست سبەى دووشەممە هەرێمى کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەرى بارانبارین. لە کاتەکانى نیوەڕۆ بارانبارین دەست پێدەکات سەرەتا ناوچەکانى سنوورى پارێزگاى دهۆک پاشان درێژدەبێتەوە بۆ سەر ناوچەکانى تر.
كەشناسی راشیگەیاندووە، پێشبینى بارانبارین بۆ تەواوى ناوچەکەمان هەیە، سنوورى پارێزگاى دهۆک و هەولێر بارانى زیاتر دەبێت لە ئێوارەى رۆژى دووشەممە بارانبارین لەسەر ناوچە شاخاوییەکان دەمێنێتەوە و نزم بوونەوەى پلەکانى گەرما بە نزیکەى 2 تا 3 پلەى سیلیزى . لە شەودا کاریگەرى ئەم بارانبارینە کۆتاى دێت .



